کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریکردن لە بەرزکردنەوەی پلەی ١٥٠٠ مامۆستای زانکۆ بەهۆی پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ژینا

12:04 - 12 خەرمانان 2724

یەکێک لە نوێنەرانی پێشووی مەجلسی ڕێژیم، سزای ئیداریی ١٥٠٠ مامۆستای زانکۆی بە هۆی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕاگەیاند.

مەحمود سادقی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی حکوومەتیی جەماران ڕایگەیاند، لانیکەم هەزار و ٥٠٠ مامۆستای زانکۆ کە سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی شۆڕشی ژینا ڕای خۆیان دەربڕیبوو یان چاوپێکەوتن و لێدوانیان دابوو و ڕاگەیەندراویان واژۆ کردبوو، سەبارەت بە بەرزکردنەوەی پلەی ساڵانەی خۆیان ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە.

بەرپرسی گشتیی ئەنجومەنی ئیسلامیی مامۆستایانی زانکۆ لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لەو ئامارانە، ٨٠ تا٩٠ مامۆستای زانکۆش لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە یان گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە.

سادقی باسی لەوەش کرد کە هۆکاری دەرکردنی ئەو مامۆستایانە هۆکارگەلی سیاسی و گومان و بە لێپرسینەوە لە دامودەزگا ئەمنییەکان بووە.

بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، ژمارەیەکی بەرچاو لەو مامۆستایانەی کە لە قۆناغی دامەزراندندا بوون یان قۆناغی دامەزراندنیان تێپەڕاندبوو و پشتیوانییان لە شۆڕشی ژینا کردووە ، لە قۆناغی چاوپێکەوتن و مەرجە گشتییەکاندا وەلاندران.

ئەم قسانە لەکاتێکدایە کە مەسعود پزشکییان، لەم دواییانەدا داوای پێداچوونەوەی بە گرێبەستی مامۆستایانی دەرکراو کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەبولفەزل ئەبوتۆرابی، ئەندامی کۆمیسیۆنی نێوخۆی ئێران، لە وڵامی قسەی پزشکییان ڕایگەیاند کە ناتوانێ پرۆسەی ئەمنی و دادوەری پێشێل بکات و هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر کارەکانی بەردەوام بێت، مەجلیس دەستێوەردان دەکات.

لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئاژادی''دا ، دەستبەجێ زانکۆکانی کوردستان و ئێران پەیوەست بەو شۆڕشە بوون و خوێندکاران و مامۆستایانی  زانکۆ بەشدارییان لە پاڵپشتی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە کرد.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی سەرکوتکردنی زانکۆکان و بێدەنگکردنی خوێندکاران و مامۆستایانی ناڕازی، سەدان خوێندکار و مامۆستای زانکۆی لە کارەکانیان دوور خستەوە.