کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی تەواو ئەمنییەتی سەقز لە بەرەبەری دووهەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا و دەسپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

11:21 - 24 خەرمانان 2724

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کاتێکدا کە تەنیا ڕۆژێک بۆ دووهەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی ماوە، دۆخی شاری سەقز بەتەواوی ئەمنییەتی کراوە و ڕێژیم لەهەوڵدایە تاکوو بە هەر جۆرێک بووە پێش بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسم و مانگرتنەکان لەم شارە بگرێت.

بەپێی ئەم هەواڵە هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لەم کاتەدا ئاوی بەنداوی چراوەیسی سەقزیان بەرداوەتەوە تاکوو ڕێگەی پشت گۆڕستانی ئایچی ببەستن و کەس نەتوانێت بەوێدا بچێتە نێو گۆڕستانەکەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندووە سەدان ماشین لە هێزە سەرکوتکەرەکان لە پارێزگای زەنجانەوە ڕەوانەی شاری سەقز کراون تاکوو پێش لە بەڕێوەچوونی هەرچەشنە ڕێوڕەسمێک لەم ڕۆژەدا بگرن و زیادیشی کردووە کە ئەم هێزە هەمان هێزە کە دوو ساڵ لەمەوبەر و لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینا بۆ سەرکوتکردن لەم شارە جێگیر کرابوون.

جیا لەم زانیاریانە و بەپێی ڤیدیۆ بڵاوەکراوەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەیەک هێزی سەرکوتکەری سپای پاسداران لە شارەکانی دیکەوە ڕەوانەی سەقز کراون.

سەرچاوەکە بۆ ناوەندی هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی زیاد کردووە کە هەموو شەقام و کۆڵانە گرینگەکانی شاری سەقز کامێرای چاوەدێری و تەنانەت ئامێری سیخوڕیکردن بۆ بیستنی دەنگی خەڵکی تێدا جێگیر کراوە.

ئەم سەرچاوە باسی لەوەش کردووە پاش بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوەکان بۆ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان و بڕیاری دووکانداران و بازاڕیان بۆ داخستنی دووکانەکانیان، گوشار و هەڕەشەی دەستوپێوەندییەکان و ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز پەرەی سەندووە.

هەر لەم پێوەندییەدا و بەپێی هەواڵێک کە پێشتر بە دەستی ئەم ناوەندە گەیشتبوو، ئیتلاعاتی ڕێژیم لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دەستی کردووە بە گوشارخستنەسەر ژووری ئەسنافی شارەکان کە بەڵێننامەیەک سەبارەت بە ڕێگەنەدان بە بازاڕیان بۆ داخستنی دووکانەکانیان واژۆ بکەن بەڵام ئەندامانی ژووری ئەسناف لە واژۆکردنی ئەو بەڵێننامە خۆیان بواردووە.

ترسی ڕێژیم لە بەردەوامبوون و زیندووبوونی بزووتنەوەی ژینا هەر بەردەوامە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کوردستان و چڕترکردنەوەی هەڕەشەکان لە هەوڵدا بووە تاکوو پێش لە بەڕێوەچوونی هەر چەشنە ڕێوڕەسمێک بگرێت.

پێشتر ئەمجەد ئەمینی باوکی شەهید ژینا ڕایگەیاندبوو کە دەیانهەوێت لە ساڵڕۆژی کوشتنی کچەکەیاندا، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ژینا ڕێوڕەسمێک لە گۆڕستانی ئایچیی شاری سەقز بەڕێوە ببەن.