کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنتاگۆن بۆ پێشگرتن لە هێرشەکانی ڕێژیم جەختی لەسەر مانەوەی هێزی پێویست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد

11:56 - 24 خەرمانان 2724

وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە پێنتاگۆن بۆ ڕاگرتن و پێشگرتن لە ئەگەری هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بڕیارە هێزی پێویست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێڵێتەوە.

لۆید ئاستین ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانان، لە سەردانێکیدا بۆ بنکەی ئاسمانی ماکسوڵ، ڕۆیشتنی ناوگانێکی فڕۆکەهەڵگری تیۆدۆر ڕۆزڤێڵتی بە مانای کەمبوونەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە نەزانی و هۆشداریشی دا کە کۆماری ئیسلامی و گرووپەکانی سەر بەو ڕێژیمە وەک حیزبوڵڵا هێشتا دەتوانن مەترسییەکی جیددی لەسەر ئەمنییەتی ناوچەکە دروست بکەن و پێویستە بۆ بەرەنگاری لەگەڵ هەر چەشنە هێرشێک ئامادەیی تەواویان هەبێت.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە: "بە ڕۆیشتنی ناوگانی ڕۆزڤێڵت، ئەمریکا ناوگانەکانی هەڵگری فڕۆکەی ئێف ١٥، ئێف١٦ و ئێف ٢٢ی هێزی ئاسمانی، ناوگانی جەنگی ئابراهام لینکۆڵن بە فڕۆکەی ئێف ٣٥ و ژێردەریایی جۆرجیا لە ناوچەکە دەهێڵێتەوە."

وەزیری بەرگریی ئەمریکا وتی: ''لە کاتێکدا هەوڵی بەڕێوەبردنی قەیرانەکە دەدەین، ناهێڵین هیچ شتێک لە دەست دەربچێت.''

ئەم لێدوانەی لۆید ئاستین ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە پێنتاگۆن ڕایگەیاند کە ناوگانی فڕۆکەهەڵگری تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت و گرووپی شەڕکەری ئەو ناوگانە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەجێ هێشتووە.

زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامی لە تۆڵەی کوشتنی ئیسماعیل هەنیە ڕێبەری سیاسیی گرووپی حەماس لە تاران هەڕەشەی وڵامدانەوەی ئیسرائیلی کرد.

دوابەدوای ئەم هەڕەشەیە، ئامریکا سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی ئەگەری هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل هۆشداری بە سەرۆکانی ڕێژیمی ئێرانی دا و بەشێک لە چەکی پێشکەوتووی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کرد.