کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی بەرەی یەکگرتووی کورد سەبارەت بە ساڵیادی کوشتنی شەهید ژینا ئەمینی

19:23 - 24 خەرمانان 2724

بەرەی یەکگرتووی کورد ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خەرمانان بەبۆنەی دووهەمین ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی بەیاننامەیەکی دەرکرد.

لەم بەیاننامەدا بە ئاماژەدان بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و پاشان دەسپێکی بزووتنەوەی ژینا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هاتووە: لە خۆپیشاندانەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا کە بوو بە گەورەترین بزووتنەوەی چەند دەیەی ڕابردووی ئێران، بەشێکی زۆر لە خەڵکی مافخواز بە هۆی سەرکوتی خوێناوییەوە گیانی خۆیان لەدەست دا و ژمارەیەکی زیاتریش دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکان کران.

بەیاننامەکە زیادی دەکات: لە ئێستادا بە ڕوانینێکی وردبینانە بە دڵی کۆمەڵگا دەردەکەوێت کە داواکاری و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک نە تەنیا کۆتایی پێ نەهاتووە بەڵکوو یەکگرتووتر بووەتەوە و بیرکردنەوەی دەسەڵات لەوەی کە خەڵک شەقامەکان چۆڵ بکەن و دەست لە داواکارییەکانیان هەڵبگرن دوورە لە ڕاستی و خەیاڵە.

بەرەی یەکگرتووی کورد لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە لەسەر ئەو بڕوایە کە زۆرینەی خەڵکی ئێران لەم دۆخەی ئێستە تێیدان ناڕازین و پشتگوێخستنی داواکارییەکانیان و بێدەنگکردنی کاتییان لە ڕێگەی توندوتیژی و سەرکوتەوە کارێکی بێکەڵک و نابەجێیە و لە کۆتاییشدا دەبێتە هۆی ڕووخان و لەنێوچوون.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا بە ئاماژەدان بە سەرکەوتنی خەڵک لە کۆتاییدا هاتووە کە، دەسەڵاتداریی نابەجێ لە سیستمێکی ناکارامە و نوقسان بەردەوام نابێت و دەسەڵات دەبێت بە زووترین کات مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک بە فەرمی بناسێت.

بەرەی یەکگرتووی کورد لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا هێناویەتی کە لە بزووتنەوەی ژینادا خەڵک زیاتر لە هەموو کاتەکانی دیکە بۆیان دەرکەوت کە دەبێت تەنیا پشت بە هێز و ئیرادەی خۆیان ببەستن و ڕێگەی هەر چەشنە ئاڵوگۆر و چاکسازییەک تەنیا بە خۆیانەوە گرێ دراوەتەوە نەک هیزێکی دەرەکی.

بەرەی یەکگرتووی کورد بەشێکە لە بزووتنەوەی شوناسخوازیی کوردستان و وەک ڕێکخراوێکی پێشکەوتوو لە نیوخۆی وڵاتدا پشتیوانی لە خەباتی مەدەنی و پێشکەوتووانەی کۆمەڵانی خەڵک دەکات و مانگرتنەکان بە مافی ڕەوای خەڵک دەزانێت.