کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی ٢٥ی خەرمانان دەستی پێ کرد

10:26 - 25 خەرمانان 2724

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣، دوابەدوای بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی، ئەم مانگرتنە لە شارەکانی کوردستان دەستی پێ کرد.

لە شارەکانی کوردستان و بەبۆنەی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی گەشتی ئێرشاد و هەروەها دەسپێکی شۆڕشی ژینا، خەڵک بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان، مانگرتنی خۆیان لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە کوشتنی حکوومەتیی ژینا و باقی شەهیدانی بزووتنەوەکە نیشان دا.

بەپێی ئەو وێنە  گرتە ڤیدیۆیانەی کە بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون، لە شارەکانی سەقز، بۆکان، پیرانشار و مەهاباد، مانگرتن دەستی پێ کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، لە شاری مەهاباد پەهبادی بەسەر شاردا دەگەڕێن و چاوەدێریی بارودۆخەكە دەكەن و لە لایەكی تریشەوە بەكرێگیراوانی ڕێژیم بە جلوبەرگی مەدەنییەوە خەریكن بە ناو شاردا دەسووڕێنەوە و چاوەدێری دووكان و بازاڕەکان دەكەن.

لە شاری سەقز، چوونەژوورەوەی گۆڕستانی ئایچی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە گەمارۆ دراوە.

دەوترێت ڕێژیم بە ماشینی گەورە بەر درگای گۆڕستانی ئایچیی گرتووە و ناوچەکەی پڕ کردووە لە هێزی چەکدار و پێش بە چوونی خەڵک بۆ ناو گۆڕستانەکە دەگرن، بەم حاڵەشەوە هەواڵەکان باس لە داخرانی دووکانەکان لەم شارە دەکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کەشێکی تەواو ئەمنییەتییان لە شارەکانی کوردستان پێک هێناوە و چەندین ماشینی هێزی تایبەتیان ڕەوانەی شارەکانی شنۆ و پیرانشار کردووە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چەندین بانگەوازی مانگرتن بە مەبەستی یادکردنەوەی دوو ساڵەی دەسپێکی شۆڕشی ژینا و بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ئەم شۆڕشە بڵاو کرانەوە. ڕێژیم بە مەبەستی ترساندنی خەڵک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە جێگیرکردنی هێز و دروستکردنی کەشی تۆقێنەر لە شارەکانی کوردستان هەوڵی دا پێش بە بەڕێوەچوونی ئەم مانگرتنە بگرێت، بەڵام بەم حاڵەشەوە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان پەیوەست بە مانگرتنەکەوە بوون و دووکان و بازاڕەکانیان داخستووە.