کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجەی ڕێژیم زیادکردنی ٤٠ لەسەدی حەقدەستی پەرستاری بۆ کەمئەندامان جێبەجێ ناکات

10:55 - 25 خەرمانان 2724

هەواڵدەریی ''ئیلنا'' سەر بە ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە بارودۆخی نالەباری کەمئەندامان نووسیویەتی دوای بڕینی مووچەی خانەنشینیی ١٣ هەزار کەمئەندام، سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە، لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجومەنی ناوەندەکانی تەوانبەخشی، ڕایگەیاندووە کە بڕیاری زیادکردنی ٤٠ لەسەدی حەقدەستی پەرستاری بۆ کەمئەندامان و یارمەتییەکان بۆ ناوندەکانی تەوانبەخشی جێبەجێ ناکات.

هەر لەو پێوەندییەدا بێهروز مروەتی چالاکی مافی کەمئەندامان ڕایگەیاند کە پوورمحەممەدی سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجەی ڕێژیم پێشنیاری کردووە کە یان زیادکردنی ٢٨ لەسەدی بۆ ماوەی ١٢ مانگ یان زیادکردنی ٤٠ لەسەدی تەنیا بۆ ماوەی ٨ یان ٩ مانگ جێبەجێ بکرێت.

ئەمە لەحاڵێکدایە بەپێی بڕیارنامەی ئەنجومەنی وەزیران، پێویستە حەقدەستی پەرستاری بۆ کەمئەندامان لە ساڵی ١٤٠٣ بە ڕێژەی ٤٠ لەسەد لە ٢ میلیۆن و ١٠٠ هەزار تمەن بۆ ٢میلۆن و ٩٤٠ هەزار تمەن زیاد بکرێت.

کەمئەندامان یەکێک لەو توێژانەن لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا کە کەمترین بایەخیان پێ دەدرێت و لەسەر ئەو بنەمایە، لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار لە بەردەم مەجلیسی ڕێژیم، ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە یان دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی لە تاران، هەروەها ئیدارەکانی بێهزیستی لە شارەکان پێشتر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.