کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ لەسەدی قوتابییانی پارێزگای ورمێ وازیان لە خوێندن هێناوە/ ڕێژی گشتیی وازهێنان لە خوێندن لە ئێراند ١ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسە

10:59 - 25 خەرمانان 2724

لە سەروبەندی ساڵی نوێی خوێندندا، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی پارێزگای ورمێ، ئەفشار کەبیری ڕایگەیاند بە وازهێنانی ١٠ لەسەدی خوێندکاران لە خوێندن، ئەم پارێزگایە دووهەم پارێزگایە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە زۆرترین ئاماری هەیە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە پارێزگای ورمێ لە دوای پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە ڕووی وازهێنان لە خوێندن لە پلەی دووهەمدایە.

هەروەها کەبیری ئاماژەی بە ئاماری ئێران کرد و ڕایگەیاند کە ئێمە لە ڕووی ئاماری ئەو کەسانەی کە وازیان لە خوێندن هێناوە دۆخێکی باشمان نییە، بە جۆرێک کە لە ساڵی ۱۳۹۵وە تا ئەمڕۆ ڕێژەی ئەو کەسانەی کە وازیان لە خوێندن هێناوە لە ٧٧٦ هەزار قوتابییەوە بۆ ١ ملیۆن و ٦٦٢ هەزار قوتابی زیادی کردووە.

ئا ئێستا ئاماری وازهێنان لە خوێندن و نەچوونە ناو سیستمی پەروەردەییەوە بە چەندین ڕێژەی جیاواز لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە بڵاو کراوەتەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی پارێزگای ورمێ ئاماژەی پێکرد، ئاماری یەک ملیۆن و ٦٦٢ هەزار کەسە  کە لە ڕوانگەی شارەزایانەوە زۆر جێگای نیگەرانییە ئەو ئامارە.

 شرۆڤەکاران و شارەزایان پێیان وایە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان و گرینگترین هۆکاری ئەم وازهێنانانە، کێشە و پرسەکانی ئابوورییە و ڕێژەی قووڵایی هەژاری لە کۆمەڵگەدا کاریگەریی لەسەر پرۆسەی خوێندن و گەشەی نەوەی نوێ داناوە.

هەروەها هۆشدارییەکان سەبارەت بە وازهێنان لە خوێندن زۆر جیددییە، بەجۆرێک کە لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢، شارەزایەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیس لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆخی منداڵان لە ئێران ڕایگەیاند کە ١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ لە لێواری وازهێنان لە خوێندندان و ١٤ ملیۆن منداڵ لە ناو ئەو بنەماڵانەدا دەژین کە لانیکەم ناتوانن سەبەتەی خۆراکی خۆیان دابین بکەن.

 

هەڵاوسانی زیاتر لە ٤٠ لەسەدت لە چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی کە پشکی خەرجییەکانی ماڵ و نیشتەجێبوون بگاتە ٧٠ بۆ ٨٠ لەسەد و بنەماڵەکان ناتوانن باقی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک، جلوبەرگ و پەروەردە و خوێندن دابین بکەن.