کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی بەندکراوی ئێڤین ڕووسەرییەکانیان گڕ تێبەردا و دروشمی ژن، ژیان، ئازادییان وتەوە

11:01 - 25 خەرمانان 2724

لە بەرەبەری دووهەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی لەلایەن مەئموورانی گەشتی ئێرشادی ڕێژیم و دەسپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ژمارەیەک لە ژنانی بەندکراوی بەندیخانەی ئێڤین کۆ بوونەوە و دروشمی ژن، ژیان، ئازادییان سەر دا.

هەژماری ئینستاگرامی نەرگس محەممەدی بە بڵاوکردنەوەی فایلێکی دەنگی لە شەوی ڕابردوو ٢٤ی خەرمانان لە بەندی ژنانی ئێڤین کە تێیدا دروشمەکانی بزووتنەوەی ژینا و سروود لەلایەن ژنانی سیاسی بەندکراو دەگوترێتەوە، ڕایگەیاندووە کە لەم شەوەدا بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ژنانی بەندکراو دروشمەکانی وەک "ئازادی، ئازادی، ئازادی" و "ژن، ژیان، ئازادی" و کۆمەڵێک دروشمی دیکەیان وتووەتەوە.

لەم فایلە دەنگییەدا دەردەکەوێت کە ژنانی بەندکراو بە پشتیوانیکردن لە سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان بە دژی سزای سێدارە دروشمیان داوە.

هەژماری ئینستاگرامی محەممەدی زیادی کردووە کە ژنانی بەندکراو بە ئاگربەردانی ڕووسەرییەکانیان، بە دژی سیاسەتەکانی سەرکوتی ژنان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

هەروەها ژنانی سیاسیی بەندکراوی لە بەندیخانەی ئێڤین ڕایانگەیاندووە کە بەبۆنەی ساڵیادی بزووتنەوەی ژینا، پشتیوانی لە مانگرتنی سەراسەری دەکەن و ئەوانیش لەم ڕۆژەدا وێڕای خەڵک مان دەگرن.