کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی خراپی خوێندن لە ئێران بەتایبەتی لە پارێزگای بەلووچستان

12:36 - 12 خەرمانان 2724

ڕۆژنامەی "هەم میهەن" لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژەدان بە دۆخی خراپی پەروەردە، لاوازبوونی قوتابییان لە خوێندنەوە و نووسیندا و هەروەها کرێکاریی منداڵانی قوتابی لە ئێران، پەرژاوەتە سەر ئەم دۆخە قەیراناوییە بەتایبەتی لە پارێزگای بەلووچستان.

هەم میهەن لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە لە هەر ٢٠ قوتابیی پۆلی شەشەم و حەوتەم لە پارێزگای بەلووچستان، لانیکەم ٥ قوتابی نە دەزانن بنووسن و نە دەزانن بخوێننەوە.

لەم پێوەندییەدا مامۆستایەکی قوتابخانە لە وتووێژ لەگەڵ ئەم ڕۆژنامەیەدا ڕایگەیاندووە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە ئەوەیە کە قوتابییان بەپێی بەڕێوەنەچوونی دروستی سیستەمی هەڵسەنگاندنی وەسفی، ڕەد نابنەوە و سەرەڕای ئەوەی کە سەرکەوتوو نەبوونە دەچنە پۆلەکانی سەرترەوە.

ئەم مامۆستایە زیادی کردووە کە لە قوتابخانە ئاساییەکانی پارێزگای بەلووچستان جگە لە قوتابخانە تایبەتییەکان وەک قوتابخانەی "نموونە" و "تیزهووشان" بە کەمیی قوتابییانێکی لێیە کە سەوادی پێویستیان هەبێت.

هەم میهەن لە زاری ئەم مامۆستاوە نووسیویەتی کە دۆخی وازهێنان لە خوێندن لە بەلووچستان لە چاو ڕابردوو زۆر زیادی کردووە و لە پۆلەکانی دواناوەندی بەهۆی هەژاریی بنەماڵەی قوتابییانەوە دەگاتە لووتکەی خۆی.

دۆخی خراپی خوێندن لە ئێران بەتایبەتی لە پارێزگا پەراوێزخراوەکان دیاردەیەکی نوێ نییە و ساڵانێکە منداڵانی ئەم ناوچانە بەهۆکاری نەبوونی پێداویستییەکانی خوێندن و هەژاری بنەماڵەکانیانەوە دەست لە خوێندن دەکشێنەوە.

لەم پێوەندییەدا محەممەد مەولەوەی جێگری کۆمیسیۆنی پەروەردەی مەجلیسی ڕێژیم مانگی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ٩١١ هەزار قوتابی کە ٤٠٠ هەزار کەسیان لە خولی سەرەتاییدا بوونە، لە خوێندن بەجێ ماون.