میدیا نێوخۆییەکانی ئێران باسیان لە بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەکانی خوێندن و نووسین بە هۆی پچڕانی بەردەوامی کارەبای کارخانەکان و کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئەم کەرەستانە کردووە.
موحسن گوڵستانی، بەرپرسی سەندیکای کاڵاکانی نووسین لە تاران ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانان لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی "میزان" وتی بە هۆی گۆڕانی نرخی دراو، نرخی ئەو کەرەستانەی خوێندن کە لە دەرەوە بەرهەم دێن بەرز بووەتەوە و ئەمەش کاریگەەریی لەسەر نرخەکان لە نێوخۆ بووە.
ناوبراو هەروەها وتی کە زۆرینەی کەرەستەکانی نووسین لە هاویندا بەرهەم دێن و پچڕانی بەردەوامی کارەبای کارخانەکان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ڕەوتی بەرهەمهێنانی بەرهەمەکان دەبێ و ئەمەش کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنان و بەزربوونەوەی نرخەکانی بەدواوە دەبێ.
گوڵستانی بەرزبوونەوەی نرخی بەهەمەکانی پێترۆشیمیی وەکوو یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی کەرەستەکانی خوێندن لە ئێران ناو بردووە.
دۆخی خراپی ئابووری و گرانی و هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو لەلایەک و بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەکانی خوێندن و نووسین و باقی تێچووەکانی خوێندنی قوتابییان، دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی بۆ بنەماڵەکان تاڵ کردووە.
لەلایەکی دیکەوە و بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لە ئاستی پارێزگاکانی ئێران، بنەماڵەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی قوتابییەک لە ساڵی نویێ خوێندندا بە شێوەی نێونجی دەبێ ٥ میلیۆن تمەن خەرج بکەن.
کڕینی کەرەستەکانی نووسین و پێداویستییەکانی هەر قوتابییەک لە ساڵی نوێی خوێندندا، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ٦٦ لەسەد بەرز بووەتەوە.