کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٣٢ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور سادقی شەرەفکەندی و هاوڕێیانی پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
٣٢ ساڵ پێش ئێستا و لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاویدا، دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ فەتاح عەبدولی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات؛ هومایون ئەردەڵان، نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و نووری دێهکوردی، دۆستی حیزبی دێموکرات، لە بێرڵینی پێتەختی ئاڵمان بە بڕیاری کۆماری ئیسلامی و بە هۆی دەستوپێوەندییەکانی ئەم ڕێژیمەوە تێرۆر کران. دەستی ڕەشی تاوان، بە تێرۆر و ڕەشەکوژی و کردنەئامانجی ڕێبەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و تێکۆشەرانی، نەیتوانیوە لەمپەر لەسەر ڕێی بزووتنەوەکە پێک بێنێ و بە پێچەوانەوە، تا دێ تێکۆشان و هاوخەباتیی نەتەوەیی لە کوردستان ڕووەو گەشەیە.
ئەمساڵیش لە هەلومەرجێکدا یادی ئەم ڕێبەرە شەهیدە و هاوڕێیانی دەکەینەوە کە بزووتنەوەی نەتەوەیی- دێموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت لە دوای شۆڕشی ژینا، لەگەڕە و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات لەسەر ویست و مافە ڕەواکانی پێداگرترە.
لە یادی ۳۲ ساڵەی شەهیدانی میکۆنۆس، پەیمانی وەفا و درێژەپێدانی ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدان دووبارە دەکەینەوە و دۆستان و دوژمنان دڵنیا دەکەینەوە کە تا گەیشتن بە ئامانجی بەرزی شەهیدان، کوردستان سەنگەرێکی ئاوەدان و ڕاوەستاوە.
مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٣