دەوڵەتی کانادا ڕایگەیاند کە لە وڵامی بەردەوامبوونی کردەوە توندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، سنووردارکردنی هاتن و مانەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتەدا زیاتر دەکرێت.
ئەم یاسا نوێیە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان لە ماڵپەڕی دەزگای خزمەتگوزاریی سنووری و ئەمنییەتی گشتیی کانادا بڵاو کرایەوە.
بەپێی ئەم یاسایە، هەموو ئەو کەسانەی لە ٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٢ی هەتاویەوە لە ڕێژیمی ئێراندا خزمەتیان کردووە، بە مەبەستی چوون بۆ کانادا یان درێژەدان بە مانەوە لەم وڵاتە، ڕێوشوێنی وەک ڕەتکردنەوەی داواکاریی ڤیزا یان ڕاگواستنیان بۆ لەبەر دەگیردرێت.
٢ی پووشپەڕ ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی، ڕۆژی دەسبەسەرکردنی زەهرا (زیبا) کازمی، ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانی-کاناداییە کە لە تاران دەسبەسەر و لە کاتی لێپرسینەوەدا کوژرا.
یاسای پێشووی کانادا کە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر ڕاگەیەندرا، سنووردارکردنی بۆ ئەو کەسانە لەبەرچاو گرتبوو کە خەزەڵوەری ١٣٩٨بەم لاوە لە چوارچێوەی ڕێژیمی ئێراندا خزمەتیان کردووە.
دەوڵەتی کانادا بە یاسای کۆچبەران و پاراستنی پەنابەران ئەم سنووردارکردنەی ڕاگەیاند و وتی: ''کانادا نابێتە پەناگەیەکی ئەمن بۆ ئەندامانی باڵای ڕێژێمێک کە خەریکی تێرۆر و پێشێلکاریی سیستماتیک و گەورەی مافەکانی مرۆڤە.''
لەو پەیوەندییەدا ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی پشتگیرییان لە هەوڵە نوێیەکەی کانادا کرد.
پاش خستنەخوارەوەی فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە لە ئاسمانی تاران، کانادا سنووردارکردنی زۆری دژ بە کۆماری ئیسلامی سەپاند و لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا سپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند.