ڕۆژی هەینی ٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، کاک حەسەن قاوەیی باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی دڵ لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
کاک حەسەن ساڵی ١٣١٨ لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر لە شاری مەهاباد لە دایک بووە و لە قۆناغی ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی و شۆڕشی گەلانی ئێران بەتایبەت لەكاتی گرتنی پادگانی شار دەوری بەرچاوی هەبووە.
ناوبراو كەسێكی بەڕێز و خۆشەویست بووە و هەردەم هیوای ئازادیی كوردستانی لە دڵدا بووە.
کوڕێکی ناوبراو بە ناوی خالق قاوەیی ماوەی چەندین ساڵە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدایە و ئەرکی نیشتمانیی خۆی لەو حیزبەدا ڕادەپەرینێت.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.