کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵكی بڵوان ئاوا سەبارەت بە خراپیی ڕێگاوبانەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی

23:30 - 12 خەرمانان 2724

ئەمڕۆ دووشەممە، ١٢ی خەرمانان خەڵکی گوندی بڵوان ئاوا لە شاری دێولان، بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین بە خراپیی دۆخی ڕێگاوبانەکان و گیانلەدەستدانی خەڵک و بەتایبەت لاوان بەم هۆیەوە، ڕێگای گوندەکەیان داخست و ئیزنی هاتوچۆیان بە هیچ ماشینێک نەدا.

هەواڵدەریی تەسنیمی ڕێژیم لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە ڕێگای بڵوان ئاوا یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێگاکانە کە ڕووداوی هاتووچۆ تێێدا ڕوو دەدات و بە ڕێگای خوێن و مەرگ ناسراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی تەسنیم، لە هەر مانگێکدا، چەندین ڕووداوی هاتوچۆ لەم ڕێگایەدا ڕوو دەدەن کە بەداخەوە کوژران و برینداربوونی خەڵک و بەتایبەت لاوانی لێ دەکەوێتەوە.

خەڵکی بڵوان ئاوا، لەمبارەوە سەبارەت بە نالەباربوونی دۆخی ڕێگاوبانەکان گلەییان کردووە و ئەمەیان بە کێشەیەکی چەندین ساڵەی ئەم گوندە ٤ هەزار کەسییە ناو بردووە کە بەردەوام ڕووداوی دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە.

بە وتەی دانیشتووانی ئەم گوندە، ڕۆژانە زیاتر لە ١٠٠ ماشینی قورس بەم ڕێگایانەدا هاتوچۆ دەکەن و هاتوچۆی زۆری ئەم ماشینانە بووەتە هۆی خراپبوونی ژێرخانەکان. بۆیە ڕۆژانە لەم ڕێگایەدا ڕووداوی هاتوچۆ ڕوو دەدات و لە یەک مانگی ڕابردووشدا، ٦ کەس بە ڕوودااوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە.

بڵوان ئاوا سەر بە شاری دێولان جاددەیەکی ١٨ کیلۆمیتریی هەیە کە ٥ میتر پانایی هەیە و بووەتە یەکێک لە ڕێگا مەترسیدارەکان بۆ سەر ژیانی خەڵک.

خەڵکی بڵوان ئاوا داوایان لە ناوەندە پێوەندیدارەکان کردووە کە لانیکەم بە دروستکردنی ڕێگای خاکی کە هاتوچۆی ماشینە قورسەکانی تێدا نەبێ، هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و گیانلەدەستدانی خەڵک بکەن بەڵام تاکوو ئێستا لەلایەن ڕێژیمەوە هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.