هاوکات لەگەڵ ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی و دووهەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینای کوردستان بەدەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی کوردستان دوێنێ یەکشەممە یەکگرتووانە بە دەم بانگەوازە مافخوازانەکەی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستانەوە هاتن و بۆ جارێکی دیکە یەکدەنگیی خۆیان لەهەمبەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نیشان دا.
لەم ڕۆژەدا و بەبۆنەی دووهەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەسپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، خەڵکی شارەکانی کوردستان بە داخستنی دووکان و بازاڕ بۆ جارێکی تر سەلماندیان کە بزووتنەوەکە زیندووە و تا گەیشتن بە ئاکامی دڵخواز بەردەوامە.
بەم پێیە و بەپێی سەدان گرتە ڤیدیۆی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوێنێ یەکشەممە سەرەڕای بەکارهێنانی هەموو توانا و گوشارەکان لەلایەن ڕێژیمەوە، خەڵکی کوردستان بە داخستنی دووکانەکانیان دووهەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا و دەسپێکی ئەم شۆڕشەیان بەرز ڕاگرت و شکستیان بە هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ ڕێگریکردن لەم مانگرتنانە هێنا.
هەرچەند کە ڕێژیم بە داخستنی هەموو ڕێگاکانی گۆڕستانی ئایچی و ڕێگریکردن لە خەڵک توانی پێش بە چوونە ژوورەوەی خەڵک بۆ نێو گۆڕستانەکە و چوونە سەر گڵکۆی شەهید ژینا بگرێت بەڵام وێڕای هەموو هەڕەشە و گوشارەکانی نەیتوانی کە مانگرتنەکان لە شارەکانی کوردستان تێکبشکێنێت و دووکانە داخراوەکان بە خەڵک بکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکان ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم ڕۆژی یەکشەممە پاش دەسپێکی مانگرتن لە شارەکانی کوردستان بە هەڕەشەکردن لە ڕێگەی کورتە نامە و تلفۆنەوە هەوڵێکی زۆریان دابوو تاکوو خەڵکی شارەکانی سەقز، سنە، بۆکان، مەهاباد و مەریوان و چەند شاری دیکە دووکانە داخراوەکانیان بکەنەوە بەڵام هەوڵەکانیان ناسەرکەوتوو بوون.
٢٥ی خەرمانان ساڵیادی شەهیدکرانی ژینای کوردستان لە شاری تارانە کە بە دەستی مەئموورانی گەشتی ئێرشادی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا و پاش ئەسپەردەکردنی تەرمەکەی لە شاری سەقز، خەڵکی کوردستان یەکگرتووانە و یەکدەنگ بە دژی دەسەڵاتی داگیرکەر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان وتەوە و ئەمە بوو بە دەسپێکی بزووتنەوەیەک کە تاکوو ئێستاش بەردەوامە.