ئابرام پیلی جێگری نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و بەبۆنەی دووهەمین ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی بە دەستی گەشتی ئێرشادی ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاند، مافی مرۆڤ و پاراستنی مرۆڤەکان ڕوانگەی حکوومەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێرانە و واشنگتۆنیش لە لێپرسینەوە لە کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ڕەفتارە ناسەقامگیرکەرەکانی لە ناوەوە و دەرەوە وڵات بەردەوامە.
ناوبراو وتی کە ژینا ئەمینی بە هۆی نەبوونی ئەو حیجابە داسەپاوەی کە ڕێژیم دەیهەوێ دەسبەسەر کرا و کوژرا.
بەڵام دوای ئەوە ڕێژیمی ئێران لەگەڵ شۆڕشی سەرانسەری خەڵک بەرەوڕوو بووەوە و ئەو ڕێژیمە وڵامی ناڕەزایەتییەکانی دایەوە.
ڕێژیم بە کردەوەی دڕندانە کە بریتی بوو لە دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵ، توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی، دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان و دادگاییکردنی ساختە ڕووبەڕووی خەڵک بووەوە و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ئێران بە فەرمانی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوت کرا.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی ڤیدیۆکەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دوو ساڵ دوای شەهیدکرانی ژینا، سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لە دژی ژنان و کچان و کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان بەردەوامە.
بۆیە ئابرام پپلی وتی ئەمریکا لە لێپرسینەوە لە کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر هەڵسوکەوتە دژە مافی مرۆیەکانی بەردەوام دەبێت و بە کردەوەی هاوشێوەی ئەم کردەوەی کە لەم حەفتەیەدا دژی کۆماری ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت بەردەوام گوشار دەخاتە سەری.
لە کۆتایی ئەو گرتە ڤیدیۆییەدا باسی لەوە کرد کە ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی گەلی ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانج و خەونەکەیان کە ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیکە، بەردەوام دەبێت.