کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژبەیەکبوونی ئامارە فەرمییەکان سەبارەت بە خۆکوژی

11:13 - 26 خەرمانان 2724

غوڵامعەباس تورکی، جێگری یاسای گشتی و پێشگیری لە تاوانی دادستانیی ڕێژیم ڕایگەیاند: ساڵانە حەوت هەزار کەس لە ئێراندا بەهۆی خۆکوژییەوە گیان لەدەست دەدەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر وتەبێژی هێزەکانی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران ئەم ژمارەیەی بە چوار هەزار کەس ڕاگەیاندبوو.

تورکی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، لە کۆنفرانسی پێشگیری لە خۆکۆژی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران باسی لەوە کرد کە  ساڵانە نزیکەی ١٣٠ هەزار حاڵەتی خۆکوژی لەو وڵاتە ڕوو دەدات و زیادی کرد کە حەوت هەزار لەو حاڵەتانە گیانلەدەستدانی کەسەکانی لێ دەکەوێتەوە.

ناوبراو هۆشداری دا کە خۆکوژی سێیەم هۆکاری مردن لەنیوان حەشیمەتی تەمەن ١٥ بۆ ٢٤ ساڵە و دەیەمین هۆکاری مردن لەنێو هەموو گرووپە تەمەنییەکان لە ئێراندا دێتە ئەژمار.

لێدوانەکانی ئەم بەرپرسەی دادستانیی ڕیژیم لەحاڵێکدا دەخرێنە ڕوو کە سەعید مۆنتەزێرەلمەهدی وتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی ئینتزامیی ڕێژیم ڕایگەیاند کە ساڵانە زیاتر لە چوار هەزار کەس لە ئێراندا بەهۆی خۆکوژییەوە گیان لەدەست دەدەن.

هێشتا دیار نییە جیاوازیی نزیکەی ٧٥ لەسەدی لە ئامارەکانی ئەم دوو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کارناسانی بواری دەروونناسی نیگەرانیی خۆیان لەهەمبەر زیادبوونی ڕێژەی خۆکوژی لە ئێراندا دەربڕیوە و لەو باوەڕەدان هۆکارەکانی وەک هەژاری، نادادپەروەری، خەمۆکی، ناکامییەکانی ژیان و نەبوونی هیچ ترووسکە هیوایەک لە ژیان ڕێژەی خۆکۆژیی پەرە پێ داوە.