کاک ئەمجەد ئەمینی باوکی شەهید ژینا، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە هەژماری ئینستاگرامی خۆی وێڕای پێزانین و ئەمەگناسی بۆ خەڵکی کوردستان، مانگرتنەکانی بە پەیامێکی ڕوون و ناڕازییانە لەلایەن خەڵکەوە بۆ دەسەڵاتداران زانی.
شەوی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان پاش بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی مانگرتنەکان بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی لە کوردستان، ئەمجەد ئەمینی لە پەیامێکدا بە ئاماژەدان بە مانگرتنی گشتیی و بەربڵاو و داخستنی دووکان و بازاڕ، وێڕای پێزانین و ئەمەگناسی بۆ خەڵکی کوردستان ڕایگەیاند: سەرەڕای دۆخی خراپی ئابووری و بژیوی ژیان، بەڕێوەچوونی مانگرتنەکان لە شارەکانی کوردستان دەرخەری هاوخەمی و هاودڵیی خەڵکە و هەروەها هۆشداری و پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە لە ناڕەزایەتی بە دەسەڵاتداران کە هیچکات نابێت هاوشێوەی ئەو زوڵمەی لە ژینا کرا زوڵم لە منداڵانی ئەم وڵاتە بکرێت.
باوکی شەهید ژینا لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسی: "هیوادارم کە هیچکات مەرگی مەزڵوومانەی ڕۆڵەکانمان بە دەستی هێزگەلێک کە لە ڕاستیدا دەبێت پارێزەری گیان و ماڵی خەڵک بن نەبین و هیچ بنەماڵەیەک لە خەم و ماتەمینی ئازیزانیاندا نەبینین".
ئەم پەیامەی ئەمجەد ئەمینی لەکاتێکدا بوو کە دوێنێ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە هەڕەشە لە ناوبراو و هاوسەرەکەی کرابوو کە نابێت بە هیچ شێوەیەک لە ماڵ بچنە دەرەوە و لە ئەگەری چوونەدەرەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە لە شاری سەقز دەسبەسەر دەکرێن.
باوکی شەهید ژینا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دەیانهەوێت کە ڕۆژی یەکشەممە و هاوکات لەگەڵ ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ڕێوڕەسمێک لە گۆڕستانی ئایچیی شاری سەقز بەڕێوە ببەن بەڵام هێزەکانی سپای پاسداران گۆڕستانەکەیان گەمارۆ دابوو و هەموو ڕێگەکانیان بۆ نێو گۆڕستانەکە داخستبوو.
سەرەڕای هەموو گوشارەکانی ڕێژیم، خەڵکی شاری سەقز لەم ڕۆژەدا بە داخستنی دووکانەکان لە هەموو گەڕەکەکانی ئەم شارە و سەرداننەکردنی ئیدارە دەوڵەتییەکان بۆ ڕاپەڕاندنی کارە ئیدارییەکانیان، بەشێوەیەکی دیکە ڕێوڕەسمەکەیان بەڕێوە برد.