ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣، کە هاوکات بوو لەگەڵ دووهەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، ئەحمەد حەسەنزادە باوکی شەهید محەممەد حەسەنزادە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە لە شاری بوکان دەسبەسەر کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپا نزیک کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ئەحمەد حەسەنزادە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری بۆکان لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
کاک ئەحمەد حەسەنزادە تا ئێستا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بانگ کراوە و ماوەیەک پێش ئێستا بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
شایانی باسە کە لە ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینادا، سەرەڕای گوشار و هەڕەشەی هێزەکانی ڕێژیم و دەسبەرکردنی هاووڵاتییان و بنەماڵەی شەهیدان بەو حاڵەوە خەڵكی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە داخستنی دووکان و بازاڕەکانیان مانگرتنی گشتییان بەڕێوە برد.