کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکان بە بۆنەی سی‌ودووهەمین ساڵیادی تیرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی

12:50 - 26 خەرمانان 2724

پەیامی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکان بە بۆنەی سی‌ودووهەمین ساڵیادی تیرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی

خەڵکی بەشەرەفی کوردستان!

تێکۆشەرانی ڕێبازی دێموکراسی و ڕزگاری!

لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاویدا، لە نێودڵی ئورووپای دێموکرات و لە وڵاتی ئاڵمان، سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دێموکرات، دوکتور سادق شەرەفکەندی هاوڕێ لەگەڵ کاک فەتاح عەبدولی، هومایۆن ئەردەڵانی و نووری دێهکوردی کەسایەتیی سیاسیی ئێران لە ڕێستۆرانی میکۆنۆس کەوتنە بەر دەستڕێژی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی و شەهید کران.

تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی لەم کردەوە تێرۆریستیەدا سەرکەوتوو بوون، بەڵام بە هۆی وشیاریی دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی وڵاتی ئاڵمان دەسبەسەر کران و لە دادگایەکی عادڵانە و بێلایەندا سزای گونجاو و یاساییان بەسەردا سەپا و هەروەها ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی لەوانە (خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم، ڕەفسەنجانی سەرکۆماری ئەو کات، عەلی فەلاحیان وەزیری ئیتلاعات و عەلی ئەکبەر وەلایەتی وەزیری دەرەوەی ئێران) لەم دۆسییەدا بە تاوانبار ناسێندران. شایانی باسە، جیا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، دەستوپێوندییەکان و هێزە بریکارەکانی ڕێژیم وەکوو حیزبوڵڵای لوبنانیش کە هەنووکەش یەکێک لە هۆکارەکانی نائارامیی ناوچەکەن لەم کارە تیرۆریستییە دەوری باڵایان هەبوو.

هاونیشتمانیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

ئەگەرچی دوژمنان توانیان ئەم ڕێبەرە لێهاتووە لە نەتەوەی کورد بستێنن بەڵام ئەوەی کە هەرگیز نەیانتوانیوە و ناتوانن تێدا سەرکەوتوو بن، کوشتنی ڕۆحی ڕزگاریخوازی و دێموکراسیخوازییە کە لە نێو دڵ و مێشکی کۆمەڵگای کورستان بەتایبەت کچان و کوڕانی کورد ڕیشەی کوتاوە. وێنەی ئەم کوڕ و کچانەمان لە ڕاپەڕینی ژینا دیت کە چۆناوچۆن بەبێ چەک و بە ورەیەکی قایم و پۆڵایین بەرەوڕووی سپای تاریکی و زوڵم دەوەستانەوە و بە دروشمی "بژی حیزبی دێموکرات... نیشاندەری ڕێی خەبات" وەفاداری و ئەمەگناسیی خۆیان بە خەبات و تێکۆشانی حیزبەکەی دوکتور شەرەفکەندی و دوکتور قاسملوو پیشان دەدا و ئەوەیان بە گوێی دوژمندا گەیاند کە ئەگەرچی ڕێبەرانی کورد بە جەستە لە نێو ئێمەدا نەماون بەڵام لە ڕێبازدا زیندوون.

ئەمساڵ کە ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لەگەڵ دووهەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا هاوکاتە، شایەتی مانگرتنێکی سەرکەوتووانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتین، کە دەرخەری ئەم کەتوارەیە کە نە ڕاپەڕینی ژینا دامرکاوە و نە ناو و یادی ڕێبەرانی شەهید بەتایبەت شەهیدانی میکۆنۆس لای خەڵکی بەشەرەفی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبیر کراوە.

ناو و یادی شەهیدانی کورد و کوردستان بەرز و پیرۆز بێت!

بڕووخێت سیستەمی داگیرکەر و تیرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی!

 

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 

۲٦ی خەرمانانی ۲۷۲٤ی کوردی