ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەرمانان، بە بۆنەی دووهەمین ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی، کۆمیسیۆنی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتیی ئەمریکا داوای لە دەوڵەتی ئەمریکا کرد بۆ لێپرسینەوە لە ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئازادیی ئایینی پشتیوانی لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بکات.
ئێریک ئۆیلەند، جێگری بەرپرسی ئەو کۆمیسیۆنە لە پەیامێکدا وتی: ''کۆماری ئیسلامی لەم دواییانەدا سەرکوتکردنی توندوتیژانەی خۆی بۆ سەر خۆپیشاندەران زیاد کردووە کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە داوای ئازادی لەو وڵاتە دەکەن و دەوڵەتی ئەمریکا دەبێ بەرپەرچی ئەو کارانە بداتەوە.''
ناوبراو وتی: ''داوا لە دەوڵەتی بایدن دەکەین لە پاڵپشتی لە ئەرکی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران بەردەوام بێت و لە ڕەوانەکردنی دۆسییەی کۆماری ئیسلامی لەلایەن شۆرای ئەمنییەتەوە بۆ دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی پشتیوانی بکات.
هەروەها سوزی گۆلمان، کۆمیساریای کۆمیسیۆنی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتیی ئەمریکا وتی: ''کاتی ئەوە تەواو بووە کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران لە سەرکوتکردنی ئازادی ئایین و باوەڕ بەردەوام بن. دەوڵەتی بایدێن بۆ سەپاندنی گەمارۆی هاوبەش بەسەر کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران پێویستە هاوپەیمانییەک لە وڵاتانی هاوبیر یەک بخات.''
کۆمیسیۆنی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتیی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ پێشنیاری کردووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی پێشێلکاریی سیستماتیک، بەردەوام و توندی ئازادیی ئایینی بە "وڵاتێکی جێگای سەرنجی تایبەت" بناسرێت.