کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆککۆماری ڕێفۆڕمخوازی ڕێژیم: مامۆستا و خوێندکاری خائین و سیخوڕ نابێت لە زانکۆدا بن

10:28 - 27 خەرمانان 2724

مەسعوود پزشکییان لە یەکەمین پرێس کۆنفرانسی خۆیدا پاش دەستنیشانکردنی وەک سەرۆککۆمار، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەرمانان سەبارەت بە مامۆستایان و خوێندکارانی دەرکراو لە زانکۆکان ڕایگەیاند، کەسانی سیخوڕ و خیانەتکار نابێت بگەڕێندرێنەوە نێو زانکۆکان.

سەرۆککۆماری ڕێژیم لە وڵامی هەواڵنێران سەبارەت بە پێشنیارەکەی خۆی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ گەڕاندنەوەی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ وتی: "من نەموتووە کە کەسانی خائین و سیخوڕ بگەڕێنەوە بەڵکوو ئەو کەسانە دەبێت ڕادەستی دەزگای دادوەری بکرێن و سزا بدرێن".

ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوبراو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەڵێنی گەڕاندنەوەی خوێندکارانی دابوو و هەروەها ڕایگەیاندبوو کە دەبێت پێداچوونەوە بکرێت بە سەر دۆسییەی هەموو ئەو مامۆستایانەی کە دەرکراون.

پزشکییان لەو کاتەدا بەڵێنی بە خوێندکارانیش دابوو کە ڕێگە نادات تەنیا بە هۆی جیاوازیی بیرکردنەوەیان لە مافی خۆیان بۆ خوێندن لە زانکۆ بێبەش بن و هەموویان دەگەڕێنێتەوە زانکۆکان.

بەپێی زانیارییەکانی خودی ڕێژیم لە ساڵی ڕابردووشدا ٥ مامۆستای دیکە بەهۆی پشتیوانیکردنیان لە ناڕەزایەتییەکان، لە زانکۆکانی ئێران دەر کراون.