کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە زیندانی قزڵحەسار ساڵیادی بزووتنەوەی ''ژن ژیان ئازادی'' بەرز ڕاگیرا

11:14 - 27 خەرمانان 2724

زیندانییانی سیاسیی زیندانی قزڵحەسار ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەڕێوە برد و بە خوێندنەوەی شێعر و سروود ڕێزیان لە یادی ژینا ئەمینی و شەهیدانی دیکە گرت.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، دووهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن زیندانییانی سیاسیی زیندانی قەزڵحەسار لە شاری کەرەج بەڕێوە چوو، ئەم ڕێوڕەسمە کە ڕێزلێنانێکی ئایینی بوو بۆ شەهیدانی ڕاپەڕینی ژینا، لە بەشی زیندانییانی سیاسیی بەشی ٤ی زیندانی قزڵحەسار بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە یاد و ناوی ژینا ئەمینی و شەهیدانی ڕێگەی ئازادی دەستی پێکرد، پاشان بە وتنەوەی شێعر و سروود ڕێزیان لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا گرت. ئەم زیندانییانە جەختیان لە مافخوازی و درێژەدان بە کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان" کردەوە و دژایەتیی خۆیان بۆ حوکمی دڕندانەی لە سێدارەدان دەربڕی.

هەروەها ئەم زیندانییە سیاسییانە بە وتنەوەی دروشم، دژایەتیی خۆیان بۆ لەسێدارەدان ڕاگەیاند و جەختیان لەوە کردەوە کە حوکمی "بەغی" و دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ڕێگریکردن لە ڕاپەڕین و سەرکوتکردنی خەڵکە.