کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گوشار بۆ سەر کەمینەکان لە ئێران/ سێ هاووڵاتیی بەهایی دەسبەسەر کران

11:35 - 27 خەرمانان 2724

لە درێژەی گوشارەکان و سەرکوتی کەمینەکان لەلایەن ڕێژیمەوە، هەواڵدەریی هێرانا باسی لە دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی بەهایی لە تەورێز کردووە.

ئەم سەرچاوە مافی مرۆییە ڕایگەیاندووە ڕۆژە دووشەممە ٢٦ی خەرمانان سێ هاووڵاتیی بەهایی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی تەورێزەوە دەسبەسەر کراون.

ئەم سەرچاوە زیادیشی کردووە کە ماڵی چەند کەس لە بەهاییانی دیکەیش پشکێندراوە و کۆمەڵێک لە کەرەستە ئێلێکترۆنیکییەکانیان لەلایەن ئەو ناوەندەی ڕێژیمەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

هێرانا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم سێ کەسە و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان هیچ زانیارییەکی نەخستووەتە ڕوو.

هاووڵاتییانی بەهایی و کەمینەکانی دیکە لە ئێران هەر وەک ڕابردوو مافەکانیان پێشێل دەکرێت و هاتنی سەرۆککۆماری ڕێفۆڕمخوازی تازەش هیچ ئاڵوگۆڕێکی لە سیاسەتەکانی ڕیژیم پێک نەهێناوە.

هێرانا لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە سەرەڕای بوونی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاووڵاتیی بەهایی لە ئێران، ڕێژیم تەنیا ئایینەکانی وەک ئیسلام، مەسحییەت، یەهوودییەت و زەردەشتی بەفەرمی دەناسێت و ئایینی بەهایی بەفەرمی ناناسێت و هەر بەم هۆیەوە لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە کەمینە بەهاییەکان لەژێر گوشارێکی چڕ و سیستماتیکی ڕێژیمدان.