کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گاڵانت: تاکە ڕێگە بۆ گەڕاندنەوەی خەڵک بۆ نێو ماڵەکانیان هێرشکردنە سەر حیزبوڵڵای لوبنانە

12:21 - 27 خەرمانان 2724

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە تاکە ڕێگە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی باکووری ئیسرائیل بۆ سەر ماڵەکانیان، هێرشی سەربازی کردنەسەر حیزبوڵڵای لوبنانە.

یووئاڤ گالانت ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەرمانان لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ئامووس هۆخشتاین نوێنەری تایبەتی دەوڵەتی ئەمریکا سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتن وتی: "نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتن ئەستەمە چوونکە حیزبوڵڵا لە پشتیوانییەکانی بۆ حەماس بەردەوامە و کۆتایی بە هێرشەکانی ناهێنێت".

گاڵانت زیادی کردووە کە بەپێی دۆخی ئێستا تاکە ڕێگە بۆ گەڕاندنەوەی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی باکووری ئیسرائیل بۆ نێو ماڵەکانیان، هێرشکردنە سەر حیزبوڵڵا و دوورخستنەوەیەن لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنانە.

پاش دەسپێکی شەڕی غەززە بەهۆی هێرشی تێرۆریستیی چەکدارانی حەماس لە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، هێرش دەکاتە سەر ناوچە سنوورییەکانی باکووری ئیسرائیل و بەو هۆیە لەو کاتەوە نزیک بە ٦٠ هەزار ئیسرائیلی ماڵەکانیان لەو ناوچانە بەجێ هێشتووە.

لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی "تایمز"ی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی: "هوخشتاین نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە دانیشتنەکەی لەگەڵ گاڵانت هۆشداریی داوە کە هێرشکردنە سەر حیزبوڵڵا ناتوانێت چارەسەر بێت و خەڵکی ئەو ناوچانە نە تەنیا ناگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان بەڵکوو شەڕەکەش بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژتر دەبێتەوە".

نوێنەری واشینگتۆن ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی بایدێن بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان لە گەیشتن بە ئاگربەست لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە پشتیوانی دەکات.

ناوبراوە لە ماوەی ڕابردوودا چەند جار سەردانی لوبنان و ئیسرائیلی کردووە تاکوو لە ڕێگەی وتووێژەکانەوە پێش بە پەرەسەندنی گرژییەکان بگرێت و چارەسەرێکی دیپلۆماتیک بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە.

نوێنەری تایبەتی بایدێن پێش لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ گاڵانت، دانیشتنێکی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هەبووە.

 

بێنیامین نێتانیاهوو لەم دانیشتنەدا بە هۆخشتاینی ڕاگەیاندووە کە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی باکووری ئیسرائیل بەبێ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە دۆخی سەقامگیریی ئەو ناوچانە ئەنجام نابێت.