کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دڵسۆزێکی بە وەفای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد

00:31 - 28 خەرمانان 2724

ڕۆژی دووشەممە  ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٣، دڵسۆزێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی  مام قادر ئازیس ناسراو بە قادر ئەرکان، لە شاری شنۆ، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مام قادر پیاوێکی زەحمەتکێش بوو کە لە دەیەی٦٠ی هەتاویدا، ماڵی لە دێی "گوندەوێڵە"ی ناوچەی شنۆ بوو. 

ناوبراو بە هۆی خۆشەویستیی حیزبی دیموکرات و دڵسۆزی بۆ پێشمەرگەکان، ببووە کەسێکی جێی متمانەی کادرەکانی ناوچەی شنۆ و پێشمەرگەکانی هێزی شەهید سمکۆ.

مام قادر بە هۆی پیشەکەی کە کرێکاری و شوانی و کار لە مووچە و مەزرا و شاخەکانی ئەو دەڤەرە بوو، زۆر جار دەیتوانی فریای پێشمەرگەکان بکەوێت، نان و پێخور و پێوستیی دیکەیان پێ بگەیەنێ، لە هاتوچۆ و کەمینی جاش و پاسدار لە ناوچەکە، ئاگاداریان بکاتەوە و لە کاتی مانەوەی پێشمەرگەکان لە ماڵ  و شوێنی کاری خۆی بیانپارێزێ.

مام قادر لەم ساڵانەی دواییشدا، بە ناوی سەردانی خزم و کەس لە هەرێمی کوردستان، دیداری لەگەڵ ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی ناسراوی حیزب بە تایبەتی تێکۆشەرانی ناوچەی شنۆ نوێ کردەوە.  ئەو هەر وەک بەڵێنی دابوو هەتا دواهەناسەی ژیانی، لەسەر پەیمانی خۆی کە خۆشەویستیی حیزبی دیموکرات و وەفاداری بە ڕێگا و ڕێبازی ڕێبەران و تێکۆشەرانی شەهیدی بوو، وەفادار مایەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.