کۆمەڵەی سەندیکایی فەرانسە کە ٥ سەندیکای گەورەی ئەم وڵاتەش لەخۆ دەگرێت لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایگەیاند کە هێشتا لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخی ئێران و بەتایبەت دۆخی نالەباری چالاکانی داکۆکیکار لە مافی کرێکاران و مافی مرۆڤ دەکەن.
کۆنفیدراسیۆنی دێموکراتیکی کاری فەرانسە، کۆنفیدراسیۆنی گشتیی کار، کۆنفیدراسیۆنی یەکگرتووی سەندیکاکان، هاوپێوەندی و یەکیەتیی نیشتمانیی سەندیکا سەربەخۆکان لەم بەیاننامەیەدا، نیگەرانیی قووڵیان لە بارودۆخی چالاکانی کرێکاری، سێنفی و مەدەنیی بەندکراو لە ئێران، بەتایبەتی بۆ شەریفە محەممەدی چالاکی کرێکاری و پەخشان عەزیزی چالاکی مەدەنی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە دەربڕی.
ئەم سەندیکایانە بە ڕاگەیاندنی ئەوەی ئازار و ئەزیەتی چالاکانی سەندیکاکان لە هیچ شوێنێکی جیهان قەبووڵ ناکەن، جەختیان لەوە کردەوە: ''ئێمە لەسەر شانۆی جیهان درێژە بە خەباتی بەردەوامی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی ڕێژیمی ئێران ڕێز لە ئازادییە سەرەتاییەکان لەوانەش مافی یەکیەتییەکانی کرێکاری بگرێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا هەڵسوکەوتی ئەمنییەتی و قەزایی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کرێکاران، خانەنشینکراوان، مامۆستایان و مووچەخۆرانی دیکە لە ئێران چڕتر بووەتەوە و لەو پێوەندییەدا چالاکانی سێنفی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران بانگ کراون، هەڕەشەیان لێ کراوە یان زیندانی کراون و ئەمەش ڕەخنەی توندی یەکیەتییەکانی کرێکاریی لە جیهاندا لێ کەوتووەتەوە.