کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیۆیۆرک تایمز: پەیجێرەکان پێش گەیشتنە دەستی حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە تەقەمەنییان تێدا جێگیر کراوە

11:11 - 28 خەرمانان 2724

پاش تەقاندنەوەی پەیجێرەکانی ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە ١١ کەس کوژراون و ٤ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوونە کە دۆخی ٢٠٠ کەس لە برینداران خراپ ڕاگەیەندراوە.

ئەم وەزارەتە لە بەیاننامەکەیدا هۆشداری داوە کە هەموو ئەو کەسانەی کە پەیجێریان هەیە بە زووترین کات پەیجێرەکان لە خۆیان دوور بخەنەوە تا ئەو کاتەی کە چۆنییەتیی ئەنجامی ئەم کارە ڕوون دەبێتەوە.

بەگوێرەی زۆربەی سەرچاوە جیهانییەکان ئیسرائیل بەر لەوەی کە ئەم پەیجێرانە بگاتە دەستی حیزبوڵڵا، تەقەمەنی تێدا جێگیر کردووە و پاشان لە ڕێگەی کورتەنامەیەکەوە  پەیجێرەکانی تەقاندووەتەوە و ٤ هەزار ئەندامی حیزبوڵڵای بریندار کردووە.

لەلایەکی دیکەوە کاناڵی ئەلجەزیرە لە ڕوونکردنەوەیەکی دیکەدا سەبارەت بەم ڕووداوە ڕایگەیاندووە کە حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حیزبوڵڵا لە ماوەی ڕابردوودا داوای لە هێزەکانی ئەم گرووپە بەتایبەتی ئەوانەی کە لە ناوچە سنوورییەکانی لوبنان و ئیسرائیل جێگیرن کردووە کە لەجیاتی مۆبایل لەم ئامێرانە کەڵک وەربگرن تاکوو ئیسرائیل نەتوانێت دزەیان تێدا بکات.

ئەم پەیجێرانە ئامێرگەلێکی بچووکی بێسیمن کە بۆ پێوەندیگرتن بەکار دەبرێن و توانای ناردنی کورتەنامەیان لە تۆڕێکی تایبەتیدا هەیە.

نیۆیۆرک تایمز سەبارەت بە چۆنییەتی تەقاندنەوەی پەیجێرەکان لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە نووسیویەتی: "دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل بەرلەوەی کە ئەم پەیجێرانە بگاتە دەستی ئەندامانی حیزبوڵڵا، هەموویان کردوونەتەوە و تەقەمەنییەکانیان تێدا جێگیر کردوون".

هەواڵدەریی "تەسنیم"ی سەر بە سپای پاسداران لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە ئەم ئامێرانە دروستکراوی وڵاتی تایوان بوونە و تەقەمەنییەکان بەشێوەیەک لە نێویاندا جێگیر کراوە کە کارناسانی ئەمنیی حیزبوڵڵا نەیانتوانیوە بیدۆزنەوە و هەروەها کێشی ئەو پەیجێرانە کە ڕادەستی حیزبوڵڵا کراوە لەگەڵ کێشی نموونەکانی دیکە لە وڵاتانی دیکە جیاوازییەکی نەبووە.