کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکات لەگەڵ هاتنەسەرکاری پزشکییان گوشارەکان بۆ سەر ڕۆژنامەوانان لە ئێران پەرەی سەندووە

11:01 - 13 خەرمانان 2724

ڕێکخراوی بەرگری لە ڕەوتی ئازادیی زانیارییەکان ڕایگەیاندووە هاوکات لەگەڵ دەسپێکی کاری مەسعوود پزشکییان و دەوڵەتەکەی، گوشارەکانی سەر ڕۆژنامەوانان لە ئێران درێژەی هەبووە و تەنانەت حوکمی دادوەریی زۆرتریش بە سەریاندا سەپاوە.

ئەم ڕێکخراوە لە نوێترین ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا هێناویەتی لە مانگی ڕابردووی زایینیدا و هاوکات لەگەڵ ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژ تا ١٠ی خەرمانان، ئازاردان و دەرکرانی حوکمی دادوەری بۆ سەر ڕۆژنامەوانان لەچاو مانگی پێشووی، پێنج قات زیادی کردووە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە مانگی ڕابردوو دامەزراوە دادوەری و ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لانیکەم لە ١٢ حاڵەتدا مافی یاسایی ڕۆژنامەوانانیان پێشێل کردووە و ڕێژەی ڕۆژنامەوانانی بەندکراو گەیشتووەتە ٩ کەس.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە مانگی ڕابردوودا سێ ڕۆژنامەوانی خەڵکی شاری ئابادان سەر بە پارێزگای ئەهواز لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بانگ کراون و دوو ڕۆژنامەوانی دیکەیش لە ئێرانشاری بەلووچستان هەڵسوکەوتی توندوتیژانەیان لەگەڵدا کراوە و دۆسییەی دادوەرییان بۆ ساز کراوە و هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردووشدا لە شاری سنە بە چەقۆ هێرش کرایە سەر ڕۆژنامەوانێک و بریندار کرا.

هەر لەم پێوەندییەدا مانگی ڕابردوو وەزارەتی ڕێگاوبان بەدژی هەواڵنێری "ئێقتساد ئانلاین" سکاڵای تۆمار کرد و دادگای ڕۆژنامەی "هەمدڵی"ی زەنجان بەڕێوە چوو.

کۆمیتەی پارێزگاری لە ڕۆژنامەوانان لە نیۆیۆرک ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی ڕایگەیاندبوو کە دوای وڵاتانی چین، میانمار، بێلارووس، ڕووسیە و ڤیێتنام، وڵاتی ئێران گەورەترین بەندیخانەی ڕۆژنامەوانان لە جیهاندایە.

ڕێکخراوی بەرگری لە ڕەوتی ئازادی زانیارییەکان، ڕێکخراوێکی نادەوڵەتییە و هاوکات لەگەڵ دەسپێکی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و سەرکوتی بێوێنەی ڕۆژنامەوانان و میدیاکان دامەزراوە.