کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی باڵوێزی کۆماری ئیسلامی بەهۆی تەقینەوەی پەیجێرەکانی حیزبوڵڵای لوبنان/ ئەندامێکی مەجلیسی ئێران خوزایاری وڵامی توند بە ئیسرائیل بوو

12:07 - 28 خەرمانان 2724

موجتەبا ئەمانی باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان یەکێک لە بریندارانی تەقینەوەی پەیجێرەکانی حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە بوو کە هێندیک لە سەرچاوەکان برینەکانی چاوی ناوبراویان بە برینێکی قورس زانی.

پاش تەقاندنەوەی ئەو پەیجێرانەی کە لە دەستی ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبناندا بوو باڵوێزی کۆماری ئیسلامیش لە بەیرووت بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لەم ئامێرانە بریندار بوو.

هەرچەند کە تاکوو ئێستا ڕوون نەکراوەتەوە کە باڵوێزی کۆماری ئیسلامی بۆچی دەبێت کە پەیجێری ئەندامانی حیزبوڵڵای پێ بێت بەڵام بەپێی گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراو موجتەبا ئەمانی لەکاتی ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەدا دەموچاوی پێچراوە و خوێنێکی زۆریش لە سەر جلەکانیدایە.

کاناڵی ئەلعالەم سەبارەت بە برینداربوونی باڵوێزی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندبوو کە هاوسەری ناوبراویش بە ڕێژەیەکی کەم بریندار بووە.

عەلائێدین برووجێردی ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی مەجلیس بە ئاماژەدان بە برینداربوونی ئەمانی ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل بە دژی باڵوێز کە بە وتەی خۆی هێمای نەتەوەیەکە دەستدرێژی کردووە و دەبێت بە زووترین کات وڵامێکی توند بە ئیسرائیل بدرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە کوڕی نوێنەری حیزبوڵڵای لوبنان لە پارلەمانی لوبنان یەکێک لە کوژراوەکانی تەقاندنەوەی پەیجێرەکانی ئەندامانی حیزبوڵڵا بوو.

عەلی عەممار نوێنەری پارلەمانی لوبنان لە وتووێژێکدا هەواڵی کوژرانی کوڕەکەی لەم ڕووداوەدا پشتڕاست کردووەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەرمانان پەیجێری هەزاران ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنان لە بەیروت و ناوچە باشوورییەکانی لوبنان و هاوسنوور لەگەڵ ئیسرائیل تەقێندرایەوە کە بووە هۆی کوژرانی ١١ کەس و برینداربوونی نزیک بە ٤ هەزاری دیکە.

 

هەرچەند کە ئیسرائیل لەم چەشنە ئۆپەراسیۆنانە بەفەرمی ناگرێتە ئەستۆ بەڵام بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارە ڕۆژاواییەکان، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل بەدانانی تەقەمەنی لەم پەیجێرانەدا توانیویەتی هەموو ئەم پەیجێرانە لە چرکەساتێکدا پێکەوە بتەقێنێتەوە.