کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلومبێرگ: ڕێژیمی ئێران بەم زووانە مووشەکی بالستیک ڕادەستی ڕووسیە دەکات

11:04 - 13 خەرمانان 2724

هەواڵدەریی بلومبێرگ ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەرمانان، لە زاری کەسانی ئاگادار ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە بەرپرسانی ئورووپا پێشبینی دەکەن ڕیژیمی ئێران بەم زووانە مووشەکی بالستیک ڕادەستی ڕووسیە بکات.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا سەدان دڕۆنی بۆ ڕووسیە دابین کردووە، بەڵام ڕادەستکردنی مووشەکی بالستیک، بە وتەی ئەو سەرچاوانەی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، لە شەڕی ڕووسیە دژی ئۆکراین پێشهاتێکی نیگەرانکەر دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی بلومبێرگ، ئەو بەرپرسانە  لەسەر خستنەڕووی جۆر و مەودای ئەو مووشەکانە و هەروەها کاتی ڕادەستکردنیان خۆیان بواردووە، بەڵام یەکێکیان ڕایگەیاندووە، ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاتی گەیاندنیان دەست پێبکات.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕێکخراوی ناتۆ، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار کۆماری ئیسلامییان لە دەرئەنجامەکانی کردەوەیەکی لەو شێوەیە ئاگادار کردووەتەوە.

واشنگتۆن، تاران و وڵاتانی ئورووپایی تا ئێستا بە فەرمی کاردانەوەیان بەرامبەر بە ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگ نەبووە.

بلومبێرگ هەروەها لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانی خۆی ڕایگەیاندووە کە پێدەچێت گرووپی ٧ بەیاننامەیەک دەربکات و هەرچەشنە گواستنەوەی مووشەکی بالیستیک لە ئێرانەوە بۆ ڕووسیە مەحکووم بکات و لە ڕێگەی کاناڵە دیپلۆماتیکەکانەوە هاوپەیمانە ناوچەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نیگەرانییەکانیان ئاگادار بکاتەوە.

پەرەسەندنی هاوکارییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا وای لە وڵاتانی ڕۆژاوایی کردووە کە چەندین سزای بەرفراوان بەسەر کەس و دامەزراوە ئێرانییەکاندا کە لەو هاوکارییانەدا دەستیان هەیە بسەپێنن.