لە درێژەی بەردەوامیی گوشارەکانی ڕێژیم و ناوەندە سەرکوتکارەکانی بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا لە کوردستان، ئەمجارە لە ورمێ، بنەماڵەی ئەم شەهیدانە کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە و لەلایەن ڕێژیمەوە ئازار دەدرێن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێژیمی ئێران لە درێژەی گوشارەکانی بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، ئەمجارە گوشارێکی زۆری بۆ بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ورمێ هێناوە.
بە پێی زانیارییەکان ئیتلاعاتی ڕێژیم پەیوەندیی بە خەڵکێکی زۆر لە خزم و کەسوکاری شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ورمێ، واتە شەهید فەرجاد دەرویشی و دانش ڕەهنما و عەبدوڵڵا مەحموودپوور گرتووە و گوشاری بۆ هێناون کە نابێ لە ڕێورەسمی ساڵوەگەری ئەم شەهیدانەدا بەشداری بکەن.
ئیتلاعات بەم بنەماڵانەی ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری بەشدارییان لەو ڕێوڕەسمانەدا بەرەوڕووی دژکردەوەی توند دەبنەوە.
ڕۆژی ٢٩ و ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا فەرجاد دەرویشی، دانش ڕەهنما و عەبدوڵڵا مەحموودپوور خەڵکی گوندی بالوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید کران.