کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ٢٠ کەس لە شەپۆلی دووهەمی تەقینەوەی ئامێرەکانی پێوەندیی حیزبوڵڵا

10:27 - 29 خەرمانان 2724

نزیکەی ٢٤ کاتژمێر دوای تەقینەوەی هەزاران پەیجێر کە ئەندامانی حیزبوڵڵا لە لوبنان بەکاریان دەهێنا، هەندێک ئامێری دیکەی پێوەندیی ناسراو بە ''تاکی- واکی'' کە ئەم گرووپە بەکاریان دەهێنا، تەقینەوە.

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە دوایین ئاماری خۆیدا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەرمانان ڕایگەیاند، بەهۆی شەپۆلی نوێی تەقینەوەکان لەم وڵاتە لانیکەم ٢٠کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ٤٥٠ کەسیش بریندار بوون.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنییەتی و شایەتحاڵێک بڵاوی کردەوە، تەقینەوەکان لە سەرانسەری باشووری لوبنان و گەڕەکی باشووری بەیروت ڕوویان داوە.

سەرچاوەکەی ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە، ئامێرە نوێیە تەقێنراوەکان بێسیمی دەستی بوونە کە لەگەڵ پەیجێرەکانی ڕۆژی سێشەممە جیاوازن.

تەقینەوەکە لە کاتێکدا بووە کە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی چوار کەس لە قوربانییەکانی تەقینەوەکەی دوێنێ بەڕێوە دەچوو.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە سەدان ئامێری پەیوەندیی ناسراو بە پەیجێر کە لەلایەن ئەندامان و میلیشیاکانی حیزبوڵڵا و بەشێکی خەڵکی لوبنان بەکار دەهێندرێن، لە لوبنان تەقینەوە و بەو هۆیەوە دوو هەزار و ٨٠٠ کەس بریندار بوون و ١٢ کەسیش گیانیان لەدەست دا.

هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی و گرووپەکانی وەکوو حیزبوڵڵا و حەماس، ئیسرائیلیان بە بکەری ڕووداوەکە تۆمەتبار کردووە، بەڵام تاکوو ئێستا ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی ڕووداوەکە نەداوە.