کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد مەترسیی شەڕ لە ناوچەکەدا زیاتر نەکات

10:39 - 29 خەرمانان 2724

مەتیو میلێر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد کە بە کەڵکوەرگرتن لەو عەمەلیاتانەی کە دژی حیزبوڵڵا لە لوبنان ئەنجام دراون، چڕکردنەوەی گرژییەکان، مەترسییەکانی شەڕ لە ناوچەکە زیاد نەکات.

لە لێدوانێکی جیاوازدا کارین ژان پیێر، وتەبێژی کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا هیچ ڕۆڵێکی لە هێرشکردنە سەر حیزبوڵڵادا نەبووە. مەتیو میلێر، بە دووپاتکردنەوەی هەمان شت، ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی ئەمریکا دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی دیپلۆماسییە بۆ شەڕەکانی ئیسرائیل لەگەڵ گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لەوانە حەماس لە غەززە و حیزبوڵڵا لە لوبنان.

مەسعوود پزشکییان سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە یەکەم کاردانەوەی خۆیدا بەرامبەر بە تەقینەوەی پەیجێرەکان دژی سەدان ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنان، وڵاتانی ڕۆژاوا و بە تایبەت ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە خوازیاری ئاگربەست نین.

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەرمانان، ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ میسر ڕایگەیاند، دەوڵەتی ئەمریکا هیچ زانیارییەکی لەبارەی عەمەلیات دژی حیزبوڵڵا لە لوبنان نەبووە.

فۆلکر تورک، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی هێرشەکەی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند، پێویستە تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. هەروەها جۆزێف بورێل، نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم هێرشە، نیگەرانیی خۆی لە مەترسییەکانی شەڕ لە ناوچەکە دەربڕی.