کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆلی ورمێ بە تەواوی وشک بووە / تۆز و خوێ هەڕەشەیەک بۆ سەر تەندرووستی ملیۆنان کەسی ئەو ناوچەیە

11:23 - 29 خەرمانان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەرمانان ڕۆژنامەی ئێعتماد بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندووە کە گۆلی ورمێ لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا بە تەواوی وشک بوو و وشکبوونەوەی تەواوی ئەو گۆلی دەبێتە هۆی خراپتربوونی قەیرانی ژینگەیی ناوچەکە، هەروەها تەندروستیی زیاتر لە ٥ میلیۆن کەسی دانیشتووی ناوچەکانی دەوروبەری ئەم گۆلە بەو هۆیەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکی جیددی دەبێتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، گۆلی ورمێ کە بە وەرزی بەهار و زستانی ڕابردوو بە نزیکەی یەک میلیارد میتری سێجێ ئاوی هەبوو، لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا بە تەواوی وشک بووەتەوە.

مێهدی زارع، مامۆستای زانکۆ لە ڕۆژنامەی ئێعتماد نووسی: وێنە نوێیەکانی گۆلی ورمێ نیشان دەدەن کە بەشی باکوور و باشووری گۆلی ورمێ تا ١٧ی خەرمانانی ئەمساڵ وشک بووەتەوە و سپیبوونی ئەو بەشە بە خوێ لە وێنە ماهوارەییەکاندا دەبینرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، وشکبوونەوەی بەرچاوی گۆلی ورمێ مەترسیی زریانی خۆڵ و خوێ بۆ ٥ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی نزیک ئەو گۆلەی زیاد کردووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی ئارتێمیا و فلامینگۆ و هەروەها چالاکییەکانی وەکوو کشتوکاڵ و ورزێڕی و سەردانکردنی گەشتیاران.

وشکبوونەوەی گۆلی ورمێ بووەتە هۆی یەکگرتنەوەی چوار دوورگەی باشوور و دروستبوونی پردێکی وشکانی کە ئەمەش مەترسیی لەسەر ژیانی ئەو ئاژەڵانەی کە لەو دوورگانەدا دەژین، وەکوو ئاسکی ئێرانی و مەڕی کێویی ئەرمەنی دروست کردووە.

مێهدی زارع باسی لەوە کرد کە بەرنامەی نۆژەنکردنەوەی گۆلی ورمێ لە ساڵی ١٣٩٢ و لە سەردەمی یەکەمین دەوڵەتی ڕۆحانیدا دەستی پێکرد و جەختی لەوە کردەوە کە پرسی نۆژەنکردنەوەی زەریاچەی ورمێ بە کۆمەڵێک دروشمی پۆپۆلیستی بوون بە پرۆژەگەلێک کە زیاتر لە بەرنامەی وشککردنی گۆلەکە دەچوون تا نۆژەنکردنەوەی.

ناوبراو خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بەکارهێنانی نایاسایی ئاو، دروستکردنی نائاسایی بەنداو، کەمکردنەوەی بارانبارین، وشکەساڵیی بە هۆکارەکانی دیکەی وشکبوونەوەی گۆلی ورمێ ناو برد.

 

هەروەها زارع لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی زەویناسی پڕبوون و خاڵی بوونەوەی گۆلی ورمێ خۆی زیانێکی دیکەی هەیە و کاریگەری لەسەر زیادبوونی بوومەلەرزە لە ناوچەکانی دەورووبەری دادەنێ کە لەم ساڵانەدا چەندین جار بینەری بوومەلەرزەی بەهێز لە ناوچەکانی ورمێ و سەڵماس بووین.