کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ ستریت ژورناڵ: لە شەڕی ئۆکراین یەک ملیۆن کەس کوژران و بریندار بوون

10:47 - 31 خەرمانان 2724

دوای دوو ساڵ و نیو شەڕ لە ئۆکراین، ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژورناڵ ڕاپۆرتێکی لەسەر زیانی زۆری مرۆیی و کاریگەرییە جدییەکانی ئەم شەڕە لەسەر دانیشتوانی ئۆکراین و ڕووسیە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو شەڕە هەتا ئێستا یەک میلیۆن کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە.

ئەم ڕۆژنامەیە بە ئاماژەدان بە سەرچاوە نهێنییەکانی ئۆکراین، ئاماژە بە ٨٠ هەزار کوژراو و ٤٠٠ هەزار بریندار لە ساڵی ٢٠٢٤ دەکات.

هەروەها لە بابەت ئەرتەشی ڕووسیەدا، بە پشتبەستن بە گومانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژاوا ڕایگەیاندووە کە زۆرترین زیانی گیانی ٢٠٠ هەزار کوژراو و ٤٠٠ هەزار بریندار بووە.

جگە لەو سەربازانەی لە شەڕی ئۆکراین کوژراون، زیانی غەیرە نیزامیش لەم شەڕەدا هەیە، کە ئامارەکانیان نادیارە.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژورناڵ تیشکی خستووەتە سەر دەرئەنجامە دیمۆگرافییە درێژخایەنەکانی شەڕی ئۆکراین و ڕایگەیاندووە یەکێک لە پاڵنەرەکانی ڤێلادیمێر پووتین سەرۆککۆماری ڕووسیە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراین، لکاندنی کەریمە و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی ڕووسیە بوو.

شەش ملیۆن ئۆکراینی وڵاتەکەیان بەجێ هێشتووە و مردنی ئەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە شەڕەوە نییە، ژمارەیان زۆر زیاترە لە ئاماری لە دایکبووان لەو وڵاتە.

 لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا، تەنها ٨٧ هەزار  لەدایکبوون لە ئۆکراین تۆمار کراوە، لەکاتێکدا ژمارەی مردنەکان ٢٥٠ هەزار کەس بووە.

ئەم ڕاپۆرتە دەشڵێت، ژمارەی دانیشتووانی ئۆکراین لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بە لەبەرچاو گرتنی کریمیاشەوە دەگەیشتە ٤٠ میلیۆن کەس، بەڵام لە ئێستادا لە نێوان ٢٥ بۆ ٢٧ میلیۆن کەسە.