هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە تەقینەوەی ئامێرەکانی پێوەندیگرتنی حیزبوڵڵا، باسی لەوە کردووە کە ئەم گرووپە تا چەند کاتژمێر پێش تەقینەوەکان خەریکی بڵاوکردنەوەی ئەم ئامێرانە بووە و متمانەیەکی زۆری لەم بوارەدا هەبووە.
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە کە سەرەڕای ئەوەی کە حیزبوڵڵا خەریکی پشکنینی ئامێرەکان بووە بەڵام چون متمانەیەکی زۆری پێیان بووە هاوکات ئامێرەکانی لەنێو ئەندامەکانیدا بڵاو کردووەتەوە.
ئەم سەرچاوانە زیادیان کردووە لە نموونەیەکدا ئەندامێکی حیزبوڵڵا ڕۆژی دووشەممە پەیجێرێکی وەرگرتووە بەڵام ڕۆژی دواتر لەکاتێکدا تەقیوەتەوە کە هێشتا دەستی بۆ نەبردووە و هیچ کەڵکێکی لێ وەرنەگرتووە.
ڕۆیتێرز لە زاری ئەم چەند سەرچاوە ئاگادارەوە دەڵێت: "باتری ئامێرەکان بە ٣ گرەم لە ماددەیەکی زۆر بەهێز بە ناوی پینتریت تێکەڵ کراوە و حیزبوڵڵا نەیتوانیوە کە ئەو ماددەیە لەنێو باترییەکاندا ببینێتەوە.
هەروەها ڕۆیتێرز زیادی کردووە کە یەکێک لەم سەرچاوانە ڕایگەیاندووە کە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی حیزبوڵڵا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەوە ئەم ئامێرانەی گواستووەتەوە تاکوو دڵنیا بێت کە هۆشدارییەکانی فڕۆکەخانەکان چالاک ناکاتەوە.
بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ئیسرائیل ڕۆژێک پاش تەقاندنەوەی پەیجێرەکان، بێسیمەکانیشی تەقاندەوە چونکە مەترسی ئەوەی بوو حیزبوڵڵا بزانێت کە بێسیمەکانیش تەقەمەنی تێدا جێگیر کراوە.
بەپێی زانیارییەکان لە وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، تەقینەوەی بێسیمەکان ٢٥ کەسی کوشت و سەدان کەسیشی بریندار کرد، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە تەقینەوەی پەیجێرەکان ١٢ کەسی کوشتبوو.
لە ئێستادا حیزبوڵڵا لەهەوڵدایە تاکوو بزانێت لەکوێ و لە چ کاتێکدا ماددەی "پینتریت" لەم ئامێرانەدا جێگیر کراوە.