کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای دیکەی حیزبوڵڵا لە هێرشێکی ئیسرائیلدا

11:39 - 31 خەرمانان 2724

حیزبوڵڵای لوبنان کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی خۆی بە ناوی ئیبراهیم عەقیل لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا پشتڕاست کردەوە.

ڕۆژی هەینی ٣٠ی خەرمانان فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بەیرووت ئیبراهیم عەقیل یەکێک لە فەرماندە سەربازییە گرینگەکانی حیزبوڵڵا و ١٣ کەسی دیکەیان کوشت.

پاش کوژرانی فواد شۆکر باڵاترین فەرماندەی حیزبوڵڵا و هەروەها تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پێوەندیگرتنی ئەم گرووپە، کوشتنی عەقیل سێیەمین شکستی قورسی حیزبوڵڵا لە ماوەی ڕابردوودا بوو.

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل سەبارەت بەم هێرشەی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندووە کە جگە لە ئیبراهیم عەقیل، باقی فەرماندەکانی دیکەی هێزی "ڕزوان"ی حیزبوڵڵا لەم هێرشەدا کوژراون.

ئیبراهیم عەقیل ناسراو بە تەحسین یەکێک لە فەرماندە گرینگەکانی حیزبوڵڵا بوو کە لەلایەن ئەمریکاوە بەهۆی تەقینەوەی باڵوێزخانەی ئەم وڵاتە لە ساڵی ١٩٨٠ی زایینی لە بەیرووت، خرابوویە نیو لیستەی کەسایەتییە تێرۆریستەکانەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ساڵی ڕابردوو ٧ میلیۆن دۆلار خەڵاتی بۆ هەر زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی مانەوەی ئیبراهیم عەقیل دابین کردبوو.

جان کێربی وتەبێژی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا سەبارەت بەم هێرشە ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل هیچ زانیارییەکی لەم پێوەندییەدا بە ئەمریکا نەداوە و وڵاتەکەی لە ئەنجامی ئەم هێرشە بێئاگا بووە.