کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام دەسبەسەرکردنی یەکێک لە سەرکردەکانی داعشی لە سووریە ڕاگەیاند

11:35 - 13 خەرمانان 2724

سێنتکام ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا بە پاڵپشتیی هێزەکانی سووریەی دێموکرات یەکێک لە سەرکردەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعشیان دەسبەسەر کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکامدا کە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەرمانان بڵاو کراوەتەوە، ناوی ئەو سەرکردەی داعشە بە خالید ئەحمەد ئەلدەندەل ڕاگەیەندراوە، و بەپێی هەڵسەنگاندنی پێنتاگۆن، ناوبراو یارمەتی ئەندامانی داعشی دوای هەڵهاتن لە زیندانی ڕەققە لە سووریە داوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سێنتکام و هێزەکانی سووریەی دێموکرات لە کاتژمێرەکانی سەر لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانان خالید ئەلدەندەلیان دەسبەسەر کراوە و هەڵاتنی پێنج ئەندامی داعش لە زیندانی ڕەققە بە هاوکاریی ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەرمانان ڕووی داوە و ئەم پێنج چەکدارەی داعش دوو هاووڵاتیی ڕووسی و دوو هاووڵاتیی ئەفغانستانی و یەک کەسی لیبیایی بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سێنتکام، دوو لەو چەکدارانە لەوان عەبدولواحید ئەخوان (ڕووسی) و محەممەد نوح محەممەد (لیبی) لەلایەن هێزە کوردییەکانی هاوپەیمانی ئەمریکاوە دەسبەسەر کراون و هەوڵی بەرفراوان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەو سێ چەکدارەی دیکە دەدرێت.

هەروەها ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی داعش لەو بارودۆخەی ئێستادا ئازادکردنی چەکدارە دەسبەسەرکراوەکانیەتی بۆ ئەوەی بتوانێت بە هاوکاریی ئەوان ئەو گرووپە زیندوو بکاتەوە.

لە ئێستادا زیاتر لە ٩ هەزار ئەندامی داعش لە زیاتر لە ٢٠ زیندانی هێزەکانی سووریەی دێموکراتدان، کە بە وتەی سێنتکام وەک ئەرتەشێک وان و هەڵاتنیان لە زیندان مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ناوچەکە و دەرەوەی ئەو وڵاتە دروست دەکات.

هەر لەو پێوەندییەدا سێنتکام ڕایگەیاند و دڵنیایی دا کە هێشتا پابەندە بە پاڵپشتیکردن و پشتیوانیکردن لە هێزەکانی سووریەی دێموکرات بۆ شکستی هەمیشەیی داعش و زیادکردنی سەقامگیریی ناوچەکە.