کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزادانی چەند ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی لە ئێران بە بلۆکەکردنی سیمکارتەکەیان

11:41 - 31 خەرمانان 2724

ڕۆژنامەی شەرق لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە سیمکارتی بەشێک لە ڕۆژنامەوانان و چالاکانی سیاسی لەلایەن "هێندێک دامەزراوە" لە ئێران وەک "سزا بۆ چالاکیی مەجازی" بلۆکە کراوە.

لە ڕاپۆرتی تایبەتی ڕۆژنامەی شەرەق کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانان لەژێر ناوی "سزا بە بلۆکەکردنی سیمکارت" بڵاو کرایەوە، باسی ناسنامەی ڕاستەقینەی ئەو کەسانە نەکراوە و لێدوانەکانیان بە ناوی ساختە بڵاو کراونەتەوە.

پەیام درەفشان، پارێزەری دۆسییەکانی مافی مرۆڤ، لەم بوارەدا ڕایگەیاندووە کە سنووردارکردنی لەو شێوەیە لە حاڵەتەکانی هاوشێوەدا پێشتر هەبووە.

بە وتەی ناوبراو بەپێی ئەو ڕێوشوێنەی کە هەیە، هێندێکجار شایەتی ئەوە دەبین کە تەنانەت پێش پێکهێنانی دۆسییەی دادوەری و بەپێی زنجیرەیەک فەرمانی گشتیی تایپکراو، هێندێک لە دادستانییەکان دەسەڵات و فەرمانی گشتی دەدەنە مەئمورەکان کە کەسەکە لە ڕێگەی تلفۆنەوە بانگ بکەن و هاوکات لە ئەگەری ئامادەنەبوون، سەرەتا هەژماری بانکی بلۆک دەکرێت و دواتر سیمکارتی پەیوەندییەکانی کەسەکە بلۆک دەکرێت."

ئەم پارێزەرە ڕەخنەی لە سزادانی چالاکانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان لە ڕێگەی بلۆکەکردنی هەژماری بانکی و سیمکارتەکیان گرتووە و وتوویەتی بلۆکەکردنی سیمکارت دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بەرفراوانی مافە مەدەنییەکان و تەنانەت مافە بنەڕەتییەکان.

لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی شەرقدا، ڕۆژنامەنووسێکی پێشوو کە چەند جارێک دەسبەسەر کراوە باسی لە پچڕانی لەناکاوی سیمکارتەکەی کردووە و ڕایگەیاندووە کە دوای بەدواداچوون، ئاماژە بەو ناوەڕۆکە سیاسییە کراوە کە لەلایەن ناوبراوەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە.