کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەستی حوسێنپەناهی لە بریندارانی بزووتنەوەی ژینا بۆ جارێکی دیکە نەشتەرگەریی مێشکی بۆ کرا

12:17 - 31 خەرمانان 2724

بە وتەی پزیشکانی هەستی حوسێنپەناهی لە وڵاتی ئاڵمان، ئەم مێرمنداڵە کە لەکاتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بریندار بوو، بۆ جارێکی دیکە نەشتەرگەریی مێشکی بۆ ئەنجام دراوە.

هەستی حوسێنپەناهی خەڵکی شاری دێولان، خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ لە کاتی بزووتنەوەی ژینادا کە تەنیا ١٦ ساڵ تەمەنی بوو لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی و چەند کەس لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە قوتابخانەکەیدا لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو کاتەدا بە ناوەندە مافی مرۆییەکانی ڕاگەیاندبوو کە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە قوتابخانەکەدا بە باتووم لە هەستی و چەند قوتابیی دیکەیان داوە.

کوردپا لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندبوو کە پاش ئەم لێکۆڵینەوە و لەکاتێکدا کە هەستی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، ماشینێکی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بەدوای سرویسی قوتابخانەکە کە هەستیی تێدا بووە دەکەوێت و ئەم مێرمنداڵەش خۆی لە ماشینەکە دەخاتە خوارەوە.

پاش ئەم ڕووداوە هەستی حوسێنپەناهی بۆ ماوەی ٥ مانگ دەچێتە "کۆما"وە و هێزە ئەمنییەکانی ڕیژیمیش گوشار دەخەنە سەر بنەماڵەکەی کە هۆکاری مردنی کچەکەیان بە خۆکوژی ناو ببەن.

پاش ئەم ڕووداوە هەستی بۆ ماوەی نزیک بە ٦ مانگ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە لە کۆمادا دەبێت و کاتێکیش کە دێتەوە هۆش نیوەی جەستەی لە کار دەکەوێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕایگەیاندبوو کە هەستی لەترسی دەستدرێژیکردن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە پێش ئەو ڕووداوە وتبووی کە تەنانەت ئەگەر بیشمرێت ناهێڵێت بکەوێتە ژێر دەستی ناوەندە ئەمنییەکانەوە.

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لێبورنی نێونەتەوەیی و جاوید ڕەحمان ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر لە چەند ڕاپۆرتی جیاجیادا دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆ سەر دەسبەسەرکراوان، بەتایبەتی دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"یان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕیژیمەوە پشتڕاست کردووەتەوە و بە تاوان بەدژی مرۆڤایەتی لەقەڵەم داوە.