کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی کوردستان لە بانە

12:20 - 31 خەرمانان 2724

دایە فاتمە خالیدی کچی سۆفی مینەی زەرواوی خواروو و هاوژینی کۆچکردوو حاجی مەلا عەزیزی ڕەهنما و دایکی شەهید عەلی ڕەهنما ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەرمانان بەهۆی نەخۆشییەوە لە بانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە فاتمە دایکی شەهید عەلی ڕەهنما پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە بەهاری ١٣٦٥ی هەتاوی لەگەڵ دوو هاوڕێی لە گوندی سەیسارم مابوونەوە، لەلایەن بەکرێگیراونی ڕێژیمەوە ئاشکرا دەبن و هێزێکی زۆری جاش و پاسدار گەماڕۆیان دەدەن و بە دیل دەگیرێن کە بەهاری هەمان ساڵ ئێعدام دەکرێ و دەچێتە نێو ڕیزی کاروانی شەهیدانی حیزب و گەلەوە.

هەر لە بەهاری ساڵی ١٣٦٥دا برازایەکی دایە فاتمە بەناوی عەبدوڵڵا خالیدی وێڕای هاوڕێیەکی دیکە بەناوی شەهید سەعید ساڵحی لە چالاکییەکی پێشمەرگانەدا لە گوندی کانیسووری شاری بانە بە دیل دەگیرێن کە پاش ماوەیەکی کەم لە گوندی هۆمەڕەشاڵ لەلایەن جاش و خۆفڕۆشەکانەوە دەستڕێژی لێدەکرێ و شەهید دەبێت.

شایانی ئاماژەیە کە ساڵانێکی زۆر بنەماڵەی دایە فاتمە خالیدی لەژێر گرتن و ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژێمدا بوون، بەڵام هەرگیز پشتیان لە ڕێبازی شەهیدە سەربەرزەکانیان نەکرد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.