کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بۆ دەسپێکی وەرزی خوێندنی نوێی ١٤٠٣-١٤٠٤

12:22 - 31 خەرمانان 2724

هاونیشتمانانی خۆشەویست !

لە ڕوانگەی کۆمەڵگە دێموکراتیکەکانەوە، ئامانجی ڕاستەقینە لە پرسی فێرکاری و کردنەوەی قوتابخانە و خوێندگە بە ڕووی منداڵان و لاوانی هەر وڵاتێک دەبێ ڕووی لە گەشەی هەمەلایەنەی تاکەکان و هەوڵدان بۆ تەرەقی بە ژیانی کۆمەڵگەکەیان لە هەموو ڕەهەندەکانەوە بۆ دواڕۆژێکی سەقامگیرتر و گونجاوتر بێت. پرسی گەشەی کۆمەڵایەتی ئەو پێوەرە گۆترە نییە کە هەرکەس بتوانێ لە ڕوانگەی خەیاڵی خۆیەوە پلانی بۆ دابنێ و چارەنووسی ملیۆنان کەس لە وڵاتێک بۆ داهاتووی خۆی و دارودەستەکەی بکاتە قوربانی. هەروەها پرۆژەکانی بواری پەروەردە ئەوە نین کە لە مەوداگەلی کورتی زەمانیدا بە ئاکام بکەن. بەڵکوو پرۆسەیەکی درێژخایەنی هەستیارە کە بە ئەسپایی و لە توێی کۆمەڵە ئامادەکارییەکی وەکوو هێزی مرۆیی، پێداویستی فرەچەشن و ئامرازی تێکنۆلۆژی لە بەرەوە ڕەنگ دەداتەوە و لەژێر چاودێریی پێرسێنێلی دیاریکراودا لە ئامانجەکانی خۆی نێزیک دەبێتەوە. ئاکامی ئەم ڕەوتە لە قۆناغی سەرەتاییدا گۆڕینی ڕەفتاری بچووکی تاکی مرۆڤەکان دەردەخا و بەردەوام دەبێت هەتا ئەو جێگەی کە گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی گەورە و چاوەڕوانکراوی لێدەکەوێتەوە. گەشەپێدانی مرۆڤ لە کۆمەڵەگەدا بە پلانی پسپۆڕانە و کارناسانە جێبەجێ دەکرێ. ئەوەش نە تەنیا هەر لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەی وڵاتەوە، بەڵکوو دەبێ گەلێک دەزگای دەوڵەتی و دامەزراوەی زانستی و پیشەیی بە دەستی ئاواڵەوە دەست بدەنە یەک و بۆ بە ئاکام گەیشتنی ئەم گرینگییە هاوکاری بکەن. ئامانجی کۆتایی لە پلان و بەرنامەکان بۆ سیستمی پەروەردە ئەوەیە کە سەروەری و بەختەوەری  بۆ دواڕۆژی کۆمەڵگە بە دیاری بێنن. ئەوەش هیچکات ناگاتە ئامانج مەگەر ئەوەی کە هەموو تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ یا لە ڕێگەی نوێنەرە جێ متمانەکانیانەوە بەشداریی تێدا بکەن.

هەرچەند لە کۆمەڵگە دێموکراتیک و گەلسالارەکاندا پرسی پەروەردە خەمی یەکەمی سیستمی دەسەڵاتدارە و نرخی بۆ دەدەن، بەڵام لە سیستمە حکوومییە دیکتاتۆرییەکاندا ئەو پرسە گرینگە خۆی لە خانەی خزمەت بە دەسەڵات دەدۆزێتەوە. واتە ئامانجی حوکمڕانەکان ڕێکخستن و ئاراستەکردنی وزەی خەڵکی کۆمەڵگە تەنیا لە سۆنگەی بەهێزبوونی بناغەکانی دەسەڵات بۆ پاراستنی هەلومەرجی هەنووکەیی و بەردەوامیی دیکتاتۆرییەت بۆ داهاتوو بە کار دێن. سیستمە دیکتاتۆرەکان لە ترسی ئەوەی کە نەکا ڕۆژێک لاوان بناغەکانی ستەمکاری دەسەڵاتەکەیان وەلەرزە بخەن، سەرچاوەی خوێندن و پەروەردە بە گوێرەی ئامانجەکانی خۆیان دادەڕێژن و بە بێ پرس‌وڕا لەگەڵ پسپۆڕانی زانستی و کۆمەڵایەتی یا بە بێ گوێچکەدان بە پێداویستییە کولتوورییەکانی کۆمەڵگە، بە سەر منداڵاندا دەیسپێنن. ئەوان بۆ ئەوەی کە خوێندکار و وانەبێژان ناچار بە ملکەچی لەهەمبەر داخوازەوکانی خۆیان بکەن، بەردەوام تێدەکۆشن کە مامۆستا و بەڕێوەبەرانی قوتابخانە لە ئاستێکی نزمدا ڕابگرن و قوتابییەکانیان پێ دەستەمۆ بکەن.

هەروەک دەزانین، پێناسەی ماهییەتی نیزامی ئیسلامیی ئێران لە ڕیزی دەسەڵاتە دیکتاتۆرە دواکەوتووەکانی سەردەمدا دەبینرێ. حکوومەتێک کە بە خوڵقاندنی قەیرانی یەک لە دوای یەکی کەڵەکەبوو، پرسی فێرکاریی تووشی کارەسات کردووە و ڕێگەی هەر چەشنە بەرەوپێشچوونێکی لە کۆمەڵگەدا داخستووە. ئەگەرچی چالاکانی پیشەیی مامۆستایان و پسپۆڕانی بواری پەروەردە بەردەوام بەرپرسان لە قەیرانە خوڵقاوەکان ئاگادار دەکەنەوە و داوای سیستمێکی فێرکاریی سەردەمیانە و دادپەروەرانە بۆ وڵاتی ئێران بەپێی پێکهاتە نەتەوەیییەکانی دەکەن، بەڵام نە تەنیا هیچوەخت گوێی لە داخوازە ڕەواکانیان نەگرتووە، بەڵکوو تا ئەو جێگەی کە بۆی چۆتەسەر بە چۆماقی ڕق و تۆڵە وڵامی مامۆستایانی مافخواز و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی داوەتەوە.

ئەمڕۆ  قوتابییان و مامۆستایانی ئێمە لەحاڵێکدا خۆیان بۆ ١ی ڕەزبەر ئامادە دەکەن کە بارودۆخی پرسی خوێندن لە هەر دەمێکی تر نالەبارترە. ئەگەرچی مامۆستایانی چالاکی پیشەیی بەردەوام لەسەر هێڵن، بەڵام ڕێگەی هەر جۆرە چالاکی و ڕادەربڕینێک گیراوە. جیا لە هەڕەشەو گوشاری بەردەوام بۆ سەر مامۆستایانی دڵسۆز، بە گوێرەی ئامارەکان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠٠ مامۆستای قوتابخانە دۆسییەی جۆراوجۆری وەکوو دەرکران، سزای زیندان، بڕینی مووچە، جێگۆڕکێ و هتد بۆ کراوەتەوە. جێگەی ئاماژەیە کە زۆرینەی ئەو مامۆستا و خوێندکارانەی کە وەبەر غەزەبی دەسەڵاتی ئاخوندە دنیاپەرەستەکان کەوتوون سەر بە ناوچەکانی کوردستانن.

 

خەمخۆرانی بەڕێزی پرسی پەروەردەی کوردستان!

هەروەک ئاگادارن، ڕێکخراوی یوونسکۆ ١٨ی خەرمانانی وەکوو "رۆژی جیهانی خوێندەواری" دیاری کردووە. ئەو ڕێکخراوە لە ئامانجەکانی ئەمساڵی خۆیدا کە لە توێی ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، چەمکگەلێکی "پەرەپێدانی کولتووری، گەشەی فرەزمانی، خوێندەواری بۆ ئاشتی و لێکتێگەیشتنی دوولایەنە"ی وەکوو ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی بۆ ساڵی داهاتووی خوێندکاریی دیاری کرد. دەبێ بزانین کە ئاراستە و ناوەڕۆکی ڕاگەیاندراوەکەی یوونسکۆ، وەک ئاگادارکردنەوە ڕووی لە دەسەڵاتی ئێرانە، واتە ئەم پەیامە تێکڕای گەلانی ئەم وڵاتە بە لەبەرچاوگرتنی ڕەنگ و جیاوازییەکانیان دەگرێتەوە. بەپێی یاساکانی ڕێکخراوی یوونسکۆ، حکوومەتی ئێران لە جێبەجێکردنی هەموو بەند و خاڵە ڕاسپاردەکانی کە لە بۆنە جۆربەجۆرەکاندا دەردەچن، بەرپرسە و دەبێ بە بێ دەغەڵکاری و منەتباری ڕەچاویان بکا، چونکوو لەوێدا ئەندامە و ڕاگەیاندراوەکان واژۆ دەکا. بەڵام وەک دەبینین، بەرپرسانی دەسەڵات بە پێچەوانەی بڕیارەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەڵسوکەوت دەکەن.

بە پێی هەموو یاسا مرۆیی و ئاسمانییەکان هەر مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە کە بە زمانی دایکیی خۆی لە قوتابخانە دەرس بخوێنێ. ئەوەش حەز و خولیای چەندین ساڵەی منداڵەکانی کوردستان و بنەماڵەکانیانە، بەڵام دەسەڵاتی ئاخوندی بە ئاشکرا ئەو مافە ئینسانییەی زەوت کردووە. کردەوەی دەسەڵاتداران لە بەرانبەر پرسی زمانی دایکی و ڕوانگەی ڕەگەزپەرەستانەیان بە نیسبەت فێرگەکانی زمانی کوردی ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە دڵڕەقیی ئەوان لەگەڵ نەتەوەی کورد هیچ سنوورێکی ئینسانیی نییە. تەنانەت هێزە بەکرێگیراوەکانیان بە بێ سڵەمینەوە، لە کوردستان وەکوو وڵاتێکی کۆلۆنیالیزەکراو لەگەڵ خەڵک دەجووڵێنەوە. زمانی کوردی بە کردەوە نایاسایی و بە ئەمنیەتی کراوە. نە تەنیا هیچ دەرفەتێکی ڕاستەکی بۆ گەشەپێدانی ناڕەخسێ، بەڵكوو بە شێوازی جۆراوجۆر هەڕەشەی لەسەرە و هەوڵ بۆ تواندنەوە و لە پەراوێزخستنی دەدرێ. هەروەها بە پێچەوانەی ڕاسپاردەی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، دەسەڵاتداران هیچ هەوڵێک بۆ پرسی خوێندەواری وەک ئامرازێکی پێوەندیی لێکتێگەیشتنی ئاشتەواییانە لە نێوان نەتەوەکانی ئێران نادەن.

 

مامۆستایانی مافخوازی کوردستان، قوتابییانی خۆشەویست!

بەشێکی زۆر لە بنەماڵەکان توانای دەستڕاگەیشتن بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵەکانیان بۆ ١ی ڕەزبەر و چوونەوە بۆ قوتابخانە نییە. بۆیە ئاماری بەرزبوونەوەی وازهێنان لە خوێندن هەتا دێ زیاتر هەڵدەکشێ. لە ناو لاواندا ئاستی هیوا بە ژیان بەرەو داکشان دەڕوا. هەروەها هیچ بایەخێک بە پیشەی شوێندانەر و گرینگی مامۆستایەتی نادرێ و پێداویستییەکانیان لە هەمیشە زیاتر پشتگوێ دەخرێ. حکوومەت مادەی ٣٠ی یاسای بنەڕەتی نیزامەکەی خۆی کە دەبێ کتێبی دەرسی و ناونووسی لە قوتابخانە بە خۆڕایی بێت، هەڵپەساردووە. بە وتەی مامۆستایان، قوتابخانە چیتر وەکوو ناوەندێکی فێرکاری مانای نەماوە، بەڵکوو وەک کارگەیەکی کاڵای مەسرەفی چاوی لێدەکرێ. قوتابخانەکان خۆیان لە پلەبەندییەکی زۆر ناعادڵانە و نابەرابەری وەک هوتێلی چەند ئەستێرەدا دەبیننەوە. لە کردەوەدا قوتابییەکان لە هێڵەک دراون و قوتابخانەی دەوڵەتی تەنیا بۆ بنەماڵە هەژارەکان تەرخان کراوە. واتە هەر بنەماڵەیەک کە پارەدار و خاوەن دراو بێت، بە ئاسانی دەتوانێ منداڵەکەی بە پێی توانا داراییەکەی لەو قوتابخانەی کە فرە ئەستێرەترە ناونووس بکا.

جێگەی ئاماژەیە کە دۆخی پەروەردە و پرۆسەی فێرکاریی لە ئێران بە ڕادەیەک ئاڵۆزە کە سەرکۆماری تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ڕێژیمیش باسی لە نەبوونی عەداڵەت و یەکسانی لەو دەزگایەدا کرد. ئەڵبەت کۆمەڵگەی ئێران ئەزموونی ئەوەشی هەیە کە ئەمجۆرە هەڵوێستانە لە ژێستێکی ڕواڵەتی تێپەڕ نابن و هیچ بەرنامەیەکیان بۆ چارەسەری گرفتەکان نابێت.

 

خۆشەویستان!

پێشوازی لە خولی نوێی فێرکاریی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ دووهەمین ساڵەوەگەڕی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، شۆڕشێکی هەرەگرینگ کە هەر ئێستاش بە پێوەیە. مانگرتنی سەراسەری ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵ سەلماندی کە کوردستان و لاوە بە هەستەکانی هیچوەخت تەسلیمی داخوازەکانی هێزی داگیرکەر نابن و هەتا گەیشتن بە تروپکی ئازادی سەنگەری فرەڕە‌هەندی خەباتەکەیان بە ئاوەدانی دەمێنێتەوە.

وەک لەبیرمانە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا نرخی ئازادی سەدان قوربانی لێکەوتەوە. دەسەڵاتی جەهالەتی ئاخوندی گیانی زیاتر لە ٧٠ قوتابیی لە ئێران ئەستاند کە بەشێکی بەرچاویان کورد بوون. قوتابی لاو و ڕەزاشیرین، "کۆماری دەرئوفتادە" نموونەیەکی هەرە بەرچاوە کە دەبێ وەکوو شەهیدی دەستی تاوان پێناسەی بکرێ.

ئێمە وەکوو یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، پێمان وایە کە خولی فێرکاریی ئەمساڵ لەچاو ساڵانی ڕابردوو جیاوازییەکی تایبەتی تر بە خۆوە دەبینێ. حەماسەی خەڵکی کوردستان لە ٢٥ی خەرمانی ئەمساڵ، پیشانی دا کە ڕاپەڕینی ژینا لە دووهەمین ساڵوەگەری خۆیدا بە ڕەنگ و بۆیەکی دیکەوە سەرهەڵدەداتەوە. وەک لە مێژووی ئەم دوو ساڵەدا دەرکەوت، جەرگەی قوتابخانەکانی کوردستان بەشێکی گرینگ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ئازادیخوازنەیان لە سەر شان بوو. مێژوو بەرخۆدانی ئەو کچ و کوڕە چاونەترسانە لەبیر ناکا کە لە دوو ساڵی ڕ مەتەرێزی بەرگریی لە مافە ڕەواکانیان هەڵبژارد. فیداکاریی ئەوان ڕێگایەکی بۆ قوتابییەکانی ئەم سەردەمە کردەوە کە وەک هەمیشە چاوکراوەتر لە جاران، درێژەدەری هەمان ڕێباز بن و لە ناو جەرگەی قوتابخانەکاندا بە هەڵوێستی ژیرانە، رێزی مامۆستایانی نیشتمانپەروەر و کەسانی خۆفرۆش لەیەکتر جیا بکەنەوە.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، وێڕای دەڕبڕینی پشتیوانی هەمەلایەنەی خۆی لە بزووتنەوەی ڕەوای بزووتنەوە قوتابی و مامۆستایانی کوردستان، پیرۆزبایی کرانەوەی قوتابخانە لە هەموو ئازیزان دەکات و هیوادارە کە بە پتەوکردنی ڕیزەکانی خۆیان لەگەڵ هەموو چینە مافخوازەکانی دیکەی کوردستان، لە ئاواتەکانیان نزیک ببنەوە. بە ئاواتی ئەو ڕۆژەی کە هەمووان لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەختەوەردا لە دەوری یەکتر کۆ ببنەوە و بە سەربەرزی سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی بڵێینەوە.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

٣١ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی