بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ٢٤ی خاکەلێوە، لە دەستپێکی کۆبوونەوەی کابینەی دەوڵەتەکەیدا ڕایگەیاند کە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێواری هەڵوەشاندنەوەدایە و هەر ساتێک لەوانەیە کۆتایی پێ بێت.
نەتانیاهوو ئاماژەی بەوە کرد کە "جی دی وێنس"، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە کاتی گەڕانەوەی لە ئیسلامئاباد، ناوبراوی لە وردەکاریی دانوستانە بێئەنجامەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە پاکستان ئاگادار کردووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی: ''لە ڕوانگەی لایەنی ئەمریکاییەوە، ئێران ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردووە؛ چونکە بە پێچەوانەی بەڵێنەکان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز، هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە و ویلایەتە یەکگرتووەکانیش ئامادە نییە ئەم دۆخە قبووڵ بکات.''
بەپێی وتەکانی نەتانیاهوو، وێنس جەختی لەوە کردووەتەوە کە کێشەی سەرەکیی ئەمریکا بریتییە لە لەنێوبردنی تەواوی ماددە پیتێنراوەکان و دەستەبەرکردنی ئەوەی کە ئێران لە ساڵان و تەنانەت دەیەکانی داهاتووشدا لەسەر خاکی خۆی دەست بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم نەباتەوە؛ بابەتێک کە بۆ ئیسرائیلیش بایەخێکی ستراتیژیی هەیە.
نەتانیاهوو هەروەها پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ بڕیارەکەی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە گەمارۆدانی گەرووی هۆرمۆز دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئیسرائیل و ئەمریکا هەموو هەنگاو و هەڵوێستەکانیان پێکەوە "هەماهەنگ" دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆتاییدا ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە بوونی درز لە نێوان تێلئاڤیڤ و واشنگتۆن دەکەن و وتی: ''ئاستی هەماهەنگیی ئێستای نێوانمان، لە تەواوی مێژووی ئیسرائیل و تەنانەت مێژووی گەلی جوولەکەشدا وێنەی نەبووە.''