بەپێی راپۆرتی کوردپاا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەیاد دەرویشی، برای فەرجاد دەرویشی، لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا، پاش بانگکران بۆ بەشی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.
سەیاد دەرویشی پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ بەندکران سزا درابوو.
ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٢، سەیاد دەرویشی پاش نزیکەی دوو مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی یەک میلیاردی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی نزیک بە دوو مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ، بە توندی ئەشکەنجە دراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.
سەیاد دەرویشی لەو ماوەیەدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ناوەڕاستەکانی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٢، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی سەیاد دەرویشییان لە یەکێک لە شەقامەکانی ورمێ دەسبەسەر کرد و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەم شارەیان ڕاگواست.
شەوی سێشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١، فەرجاد دەرویشی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "بالوو" لە درێژەی بزووتنەوەی ژینادا لە شارۆچکەی وەلیعەسری ورمێ بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا.