کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلاڤۆکی فوکوس: کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەبێتە هەڕەشەیەکی ئەمنییەتی بۆ ئورووپا

10:29 - 1 رەزبەر 2724

بڵاڤۆکی "فوکوس"ی ئەڵمانی لە وتارێکدا نووسیویەتی لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئورووپا لە سادەییدا نوقم بوونە، کۆماری ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ دەبێتە هەڕەشەی ئەمنییەتی بۆ سەر ئورووپا".

ئەم وتارە لە نووسینی ئۆلیڤێر ڕولۆفس، کارناسی باڵای ئەمنیییەتی ئەڵمان، دەڵێت: ''کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاکانە تێرۆری دەوڵەتی پراکتیزە دەکات و ڕێژیمێکی لەو جۆرە ناتوانێت لە شەڕی دژی توندڕەوی هاوبەش بێت، چونکە ڕێژیمێکە مووشەک و دڕۆن بۆ ڕووسیە دەنێرێت و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حیزبوڵڵا و حەماس بەهێز دەکات و گەرەنتی سەقامگیری و ئەمنییەت ناکات بەڵکوو بە پێچەوانەوە تێکی دەدات.''

فوکوس بە ئاماژەدان بەوەی کە سپای پاسداران لە ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٤ لانیکەم ١١ عەمەلیاتی لە ئورووپا ئەنجام داوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی دژ بە بەرژەوەندیی ئیسرائیل و جوولەکەکان بووە ڕایگەیاندووە کە ئەم کارە ئەوە دەردەخات کە ئێران هێشتا ئورووپا بە یەکێک لە مەیدانەکانی شەڕی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل و ڕۆژاوا دەزانێت.

نووسەری ئەم وتارە کە ساڵانێکی زۆرە لە بەرپرسانی باڵای کۆنفرانسی ئەمنییەتی مونیخ بووە، گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و دامودەزگاکانی بەبێ کاریگەری زانیوە و نووسیویەتی کە ڕێژیمی ئێران ناچێتە ژێر کاریگەریی ئەو هەڕەشانە و هەمووان ئەمە دەزانن.

لەم وتارەدا، هەروەها باس لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئەرمنستان کراوە و نووسیویەتی هەرچەندە ئەرمنستان پەیوەندیی لەگەڵ فەرانسە هەیە و لەلایەن ئەم وڵاتە لە بواری ئەمنییەتی و چەکوچۆڵە پشتیوانی دەکرێت، نووسیویەتی زیادکردنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەرمنستان دەتوانێت دەستپێڕاگەیشتنی ڕووسیە و ئێران بە چەکی فەرانسە دابین بکات کە لە شەڕی ئۆکراین کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.

ڕولۆفس هەروەها ڕەخنەی لە ناکۆکیی ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا سەبارەت بە خستنی سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی ئورووپا گرتووە.