ڕۆژی شەممە ٣١ی خەرمانان، کاک هەمزە سەلب، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات و خەڵکی ئاوایی کۆسەکەرێز، لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک هەمزە ڕۆڵەیەکی بە وەفای نیشتمان و ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە لە ماوەی ساڵانی پڕ لە شکۆی خەباتی چەکداریدا ماڵەکەی هەمیشە جێگای حەسانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوو.
کاک هەمزە لە ماوەی ژیانیدا چەندین جار بە تاوانی کوردبوون و ئەندامەتی لە حیزب کەوتە زیندانەکانی ڕێژیمی کوردکوژی کۆماری ئیسلامییەوە و لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاویدا لەژێر شکەنجەی جەلادەکانی ڕێژێمدا هەر دوو قاچەکانی زۆر لاواز بوون.
ناوبراو لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا هاتە ناو ڕیزی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبەوە و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکە حیزبی و نیشتمانییەکانی خۆی بەڕێوە برد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.