دوو سەرچاوەی ئەلعەرەبییە و ئەلحەدەس باسیان لە بێمتمانەیی ڕێژیم بە لێکۆڵینەوەکانی حیزبوڵڵا کردووە و ڕایانگەیاندووە کە تاران ڕاستەوخۆ شاندێکی بۆ لێکۆڵینەوە ناردووەتە لوبنان تاکوو سەبارەت بە شکستە گەورەکانی ئەم دواییانەی حیزبوڵڵا لێکۆڵینەوە بکات.
کاناڵی ئەلعەرەبییە لە زاری چەند سەرچاوەی ئاگادارەوە دەڵیت: "کۆماری ئیسلامی چیدیکە متمانەی بە لێکۆڵینەوەکانی حیزبوڵڵا نییە و بۆ دۆزینەوەی خەتاکاران لە ڕەوتی هاوردەکردنی ئامێرەکانی پێوەندیگرتن، شاندێکی لێکۆڵینەوەی بەمەبەستی دۆزینەوەی سیخوڕەکانی مووساد بەتایبەتی ئەو سیخوڕانەی کە لە ئاستی ڕێبەریی ئەو گرووپەدان، ناردووەتە بەیرووت".
ئەمە تەنیا شکستی گەورەی حیزبوڵڵای لوبنان، گرینگترین و سەرەکیترین میلیشیای کۆماری ئیسلامی لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا نەبوو، پاش دوو خول لە تەقینەوەی ئامێرەکانی پێوەندیگرتنی ئەم گرووپە و کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس لە ئەندامەکانی، ڕۆژی هەینی ٣٠ی خەرمانان لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا ١٧ فەرماندەی باڵای دیکەی ئەو گرووپە لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا کوژران.
وێدەچێت کە پاش دەستڕاگەیشتنی ئیسرائیل بە ئامێرەکانی پێوەندیگرتنی حیزبوڵڵا، ڕێبەرانی ئەم گرووپە بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ ئەندامان و فەرماندەکان تووشی کێشە بوونەتەوە.
کاناڵی ئەلعەرەبییە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ دەستنیشانکردنی "عەلی کەرکی" و "تەلال حەمییە" وەک فەرماندەی باشووری لوبنان و هێرشە دەرکییەکانی حیزبوڵڵا بە نیشانەیەک لە بێمتمانەیی تاران بەم گرووپە لە قەڵەم داوە و ڕایگەیاندووە کە ئێران دەیهەوێت کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئۆپەراسیۆنەکانی حیزبوڵڵا کۆنتڕۆڵ بکات.
ناردنی ئەم شاندە بۆ بەیرووت لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەکاتێکدایە کە تاران خۆی لەگەڵ دزەکردنی دەستوپێوەندییەکانی مووساد لە نێوخۆی وڵات بەرەوڕووە.
هەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێشکەشکارێکی سەر بە ڕێژیم لە دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ئیسرائیل لە نێو ئێران ئۆپەراسیۆنێکی بەڕێوە بردووە کە لە ئاکامەکەیدا دوو کەس کوژراوە و کۆمەڵێک زانیاری گرینگیش دەستی دەستوپێوەندییەکانی ئیسرائیل لە نێو ئێراندا کەوتووە.