کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەبردنی فەرمانەکانی خامنەیی یەک لە دوای یەک لەلایەن مەسعوود پزشکییانەوە

11:24 - 11 خەرمانان 2724

پاش دەستنیشانکردنی مەسعوود پزشکییان وەک سەرۆککۆماری نوێی ڕێژیمی ئیسلامی، ناوبراو یەک لە دوای یەک فەرمانەکانی خامنەیی پێش هەموو کاروباری دەوڵەت خستووە.

پاش حەفتەیەک لە چاوپێکەوتنی ڕێبەری ڕێژیم لەگەڵ کابینەی دەوڵەتی چواردەیەم، مەسعوود پزشکییان یەکێکی دیکە لە فەرمانەکانی خامنەیی بردە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

ڕۆژی ڕابردوو مێهدی سەحابی بەڕێوبەرێکی بانکی ناوەندیی ئێران ڕایگەیاند "بەپێی پەسەندکراوی لیژنەی باڵای بانکی ناوەندی، لە ئەمڕۆوە ٥٠ هەزار میلیارد تمەن بوودجەی نوێ بۆ منداڵداربوون لە ساڵی ١٤٠٣، تەرخان کراوە".

تەرخانکردنی ئەم ٥٠ هەزار میلیاردە پاش ئەوە بوو کە عەلی خامنەیی لە چاوپێکەوتنەکەی ڕۆژانی ڕابردوو لەگەڵ پزشکییان و کابینەکەی داوای کردبوو تاکوو کێشە و بەربەستەکانی منداڵداربوون چارەسەر بکرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا و پێشتریش ڕۆژێک دوای چاوپێکەوتنی ڕێبەری ڕێژیم لەگەڵ کابینەی دەوڵەتی چواردەیەم، مەسعوود پزشکییان لەسەر قسەکانی خامنەیی سەبارەت بە ڕەهابوونی فەزای مەجازی لە ئێراندا فەرمانی دا تاکوو بە وتەی خۆی کۆنتڕۆلی دروست بخرێتە سەر فەزای مەجازی.

پزشکییان هەر لە کاتی شانۆی هەڵبژاردنەکان و دواتریش بە دەیان جار ڕایگەیاندبوو کە لە فەرمانەکانی خامنەیی لا نادات و جێبەجێکەری فەرمانەکانی ئەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا سەرۆککۆماری تازە دەستنیشانکراو دوێنێ شەو بۆ یەکەم جار پاش هاتنەسەرکاری لە بەرنامەی "وتووێژ لەگەڵ خەڵک"دا، چەند جاری دیکە سپاسی خامنەیی کرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر خامنەیی نەیویستبایە، نێوی ئەو لە سندووقەکانی دەنگدان نەدەهاتە دەرەوە و بۆ جارێکی دیکە خۆی بە جێبەجێکەری فەرمانەکانی خامنەیی ناساند.