ڕەزا سێراج یەکێک لە پێشێلکەرانی مافی مرۆڤ و دارێژەری تێرۆرەکانی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دوای ٣٠ ساڵ پیشێلکردنی مافی مرۆڤ، ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان دوای نەشتەرگەری تۆمۆری مێشک مرد.
ڕەزا سێراج لە ماوەی نزیک بە ٣٠ ساڵ کاری خۆیدا لە پۆستە ئەمنیەتییە جۆراوجۆرەکاندا لەوانە وتەبێژ و جێگری پەیوەندییەکانی نووسینگەی شورای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا بووە و لە پێشێلکارە سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ بووە.
ناوی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم بەهۆی تێوەگلانی لە پیلانەکانی تیرۆرەکانی دەرەوەی وڵات لە لیستی گەمارۆکانی وەزارەتی خەزینەداریی ئەمریکادا بووە.
ناوبراو کە بە یەکێک لە پێشێلکارە جیددیەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ناسرابوو، پلەی ''سەرتیپ دووهەمی'' پێ درابوو و یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران بوو و لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا وەک وتەبێژ و جێگری پەیوەندییەکانی نووسینگەی شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی کۆماری ئیسلامی چالاکی هەبوو.
سێراج لە ساڵانی دەیەی ٧٠دا وەکوو لێپرس دەستی بە چالاکییەکانی کردووە و دوای ماوەیەک بووە بە لێپرسی باڵای ئیتلاعاتی سپای پاسداران.
ئەو بە ناوی "عەلەوی"، لێپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بووە و بەرپرسی دۆسییەی زۆرێک لە چالاکانی سیاسی و خوێندکاری لە ئێران بووە، هەروەها ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی لە گوشار و ئەشکەنجە و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە خوێندکاران هەبووە.
بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکانی دیکەی ناوبراو لە سپای پاسداران، جێگری سیاسیی قەرارگای ساروڵڵا لە تاران، بەرپرسی ڕێکخراوی بەسیجی خوێندکاری، جێگری ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بەڕێوەبەری دانیشکەدەی "پەیامبەری ئەعزەم" و زانکۆی ئیمام حوسێن بوو.
بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتوویانە ئەگەرچی سێراج لەگەڵ مردنەکەیدا لە دادگاییکردن نەجاتی بووە، مردنەکەی بەو مانایە نییە کە دۆسییەی تاوانەکانی داخراوە.